سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لیژنەیەكیان بۆ شێوازی گۆڕینی دابەشكردنی مووچە پێكهێنا.
زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا و یەكێك لەو بابەتانەی باسی لێوەكرا خراپی سیستمی دابەشكردنی مووچەیە لە هەرێمی كوردستان بە تایبەت مووچەی خانەنشینان.
ئاماژەی بەوەكرد، “بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەك درا بەمەبەستی دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاو بۆ شێوازی گۆڕینی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان كە لیژنەكە لەگەڵ بەرپرسان و بەڕێوەبەری بانكەكان كۆبوونەوە ئەنجامدەدەن”.
سەرۆكی لیژنەی دارایی باسی لەوە كرد،”لە كۆبوونەوەكە دوو تەوەری دیكە تاوتوێكران لەوانەپرۆژە یاسای بودجە بوو كە چەند ڕێكخراوێك سەردانیان كردبووین و بیروڕا ئاڵوگۆڕكران و باس لە كێشەكان كران بە مەبەستی ئامادەكردنی پرۆژە یاسای بودجە و فشاركردن لە حكومەت كەهەرێم یاسای بودجەی هەبێت”.
زیاد جەبار وتی “تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بەكردنەوەی فەرمانگەی چاودێریی دارایی لە پارێزگاكانی دهۆك و هەڵەبجە بۆ ئەو مەبەستە نووسراومان ئاراستەی بەڕێوەبەری چاودێریی دارایی كرد كە هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەو پرسە لە پەرلەمانی كوردستان ئامادەبێت”.