دادگای عێراقی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ “بكوژێكی بەكرێگیراو” دەركرد

تۆمەتبارێك كە پێشتر بە چەندین تاوانی كوشتن و ڕفاندن تۆمەتباركرابوو، دوای ساغبوونەوەی تۆمەتێكی ڕفاندن بەسەریدا، ئەمڕۆ بڕیاری لەسێدارەدانی لەلایەن دادگاوە دەركرا.

دادگای تاوانەكانی میسان ئەمڕۆ سێشەممە بڕیاریدا بە لەسێدارەدانی حەسەن تەڕاد غولەیم، بە تۆمەتی ڕفاندنی هاوڵاتییەك، وەك ڕاگەیەندراوێكی دادگا دەڵێت.

بەشی ڕاگەیاندنی دادگای تاوانەكانی میسان ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی بڕیارەكەی دادگاكەوە بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “بڕیارەكە بەهۆی تاوانی ڕفاندنی هاوڵاتییەكەوە بووە” كە حەسەن تەڕاد دانی بەوەدا ناوە بە هاوكاریی دوو تۆمەتباری تر، هاوڵاتییەكەیان ڕفاندووە و مۆبایلەكەی و بڕێك پارەیان لێسەندووە.

حەسەن تەڕاد غولەیم كێیە؟

ناوەڕاستی مانگی شوباتی ڕابردوو، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاندبوو، هێزە ئەمنییەكان ئەو كەسەیان دەستگیركردووە كە “بەرپرس بووە” لە ڕووداوەكانی تیرۆركردن و ڕفاندن لە پارێزگای میسان.

پێشتر و لە ماوەی چەند هەفتەیەكی بەر لە بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەدا، ژمارەیەك كەس لە پارێزگای میسان تیرۆركرابوون، دوایینیان ئەندامێكی ڕەوتی سەدر بوو كە سەرەتای مانگی ڕابردوو لە شاری عیمارەی ناوەندی پارێزگای میسان كوژرا.

هەر لە سەرەتای مانگی شوباتدا، دادوەرێك بەناوی ئەحمەد فەیسەڵ ساعدی بە دەستڕێژی گولـلە لە عیمارە كوژرا، ناوبراو تایبەتمەند بوو لە كەیسەكانی ماددەی هۆشبەر.

ڕۆژی 3ی شوباتی ڕابردوو، حوسام عەلیاوی كە ئەفسەری پۆلیس بوو بە پلەی ڕائید، لە میسان تیرۆركرا، بەر لە كوژرانی عەلیاوی، دوو برای كە یەكێكیان سەركردەیەكی عەسائیبی ئەهلی حەق بوو بەناوی ویسام عەلیاوی تیرۆركرابوون.

لەكاتی دەستگیركردنی ناوبراودا، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق وتبووی، “ئەوەی دەستگیركراوە، “تاوانبار حەسەن تەڕاد غولەیم”ـە و بەرپرسە لە تیرۆركردن و ڕفاندن و تۆقاندنی هاوڵاتییان لە میسان.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا وابڵاوكرایەوە كە حەسەن تەڕاد خوودی خۆیشی سەر بە عەسائیبی ئەهل حەقە ئەگەرچی لەنێو قوربانییەكانیدا سەركردەی ئەو بزوتنەوەیە هەبوون، بەڵام عەسائیب ئەو كاتە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕەتیكردەوە ناوبراو سەر بە عەسائیب بێت.

ئەمڕۆ سێشەممە هاوكاتی بڕیارەكەی دادگای میسان، بەشێك لە چالاكوانان و بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەڵێن، “حەسەن تەڕاد بكوژی بەكرێگیراوە و بە پارە خەڵكی بۆ كەس و لایەنەكان كوشتووە”.

بابەتی پێشتر

ئۆكرانیا خواردن و خواردنەوە لە ئەندامانی شاندی دانوستانكاری قەدەغە دەكات

بابەتی دواتر

ڕامۆس گەڕایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share