ئۆكرانیا خواردن و خواردنەوە لە ئەندامانی شاندی دانوستانكاری قەدەغە دەكات

ژمارەیەك لە ئەندامانی شاندی دانوستانكار فۆتۆ: ئەنادۆڵۆ

وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا هۆشداریدایە ئەندامانی ئەو شاندەی وڵاتەكەی كە دانوستان لەگەڵ ڕوسییەكاندا دەكەن تا دووربكەونەوە لە خواردن یان خواردنەوە لەگەڵ هاوتا ڕوسییەكانیان، ئەمەش پاش ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی ژەهراویكردنی ڕۆمان ئەبرامۆڤیچ و دانوستانكارانی ئۆكرانی لەئارادایە.

ئاژانسی سكای نیوز لە زاری دیمیترۆ كۆلیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا ڕایگەیاند، ئامۆژگاری هەموو ئەوانە دەكەم كە بەشداری لە وتوێژەكان لەگەڵ ڕوسیا دەكەن هیچ خواردنێك نەخۆن و هیچ خواردنەوەیەكیش نەخۆنەوە، باشترە دەست لەهیچ شتێكیش نەدەن.

هۆشدارییەكە لەكاتێكدایە بڕیارە ئەمڕۆ وتوێژەكان لەنێوان هەردوو شاندی دانوستانكاری ئۆكرانی و ڕوسی لە توركیا تەواوبكرێن دوای ئەوەی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستیپێكرد.

میدیاكانی بەریتانیا بڵاویانكردەوە، هۆشدارییەكە پاش دەركەوتنی هەندێك نیشانەی ژەهراویبوون دێت بە ڕۆمان ئەبرامۆڤیچ-ی خاوەنی یانەی چێڵسی و وتووێژكارانی ئۆكرانی، لەوانە سووربوونەوەی چاو و فرمێسكی بەردەوام و ئازاربەخش، قڵیشانی پێستی دەست و دەموچاویان لەپاش كۆبوونەوەكەی سەرەتای ئەم مانگە.

لە كۆتایی شوباتی ڕابردوو ئەبرامۆڤیچ داوایەكی ئۆكرانیای قبوڵكرد بۆ هاوكاریكردنیان لە وتووێژ بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا، بە چەند ڕۆژێكی كەم پاش دەستپێكردنی.

ڕۆمان ئەبرامۆڤیچ كە هەوڵی نێوەندگیری لەنێوان مۆسكۆ و كیێڤ دەدا، لە كۆبوونەوەی دەستپێكی وتووێژەكانی نێوانیان ئامادەبوو.

لە 10ی ئازاری ڕابردوو توركیا لە ئەنتاڵیا میوانداریی دیداری یەكەمی نێوان وەزیری دەرەوەی ڕوسیا و ئۆكرانیای كرد لە پاش دەستپێكردنی شەڕی ڕوسیا لە 24ی شوباتی ڕابردوو، بەڵام ڕاگەیاندنی ئاگربڕ یان هەر دەستكەوتێكی دیكەی جێی ئاماژەی لێنەكەوتەوە.

بابەتی پێشتر

بەهۆی دواكەوتنی مووچە لەژێر فشاردان.. خانەنشینێك ئاگری لەجلەكانی بەردا

بابەتی دواتر

دادگای عێراقی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ "بكوژێكی بەكرێگیراو" دەركرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share