كەشناسیی هەرێمی كوردستان پێشبینی بەرزتربوونەوەی پلەكانی گەرما دەكات، دەچنە سەروو 20 پلەی سیلیزی.
بەپێی پێشبینییەكان بۆ كەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێ، كە كەشناسیی هەرێمی كوردستان بلاویكردوونەتەوە، ئەمڕۆ بەگشتی “ئاسمان ساماڵ دەبێت، لەگەڵ دروسبوونی هەندێك پەڵەهەور”، بەڵام بۆ سبەینێ چوارشەممە “ئاسمان ساماڵ و نیمچەهەور دەبێت، لە کاتەکانی شەودا دەگۆرێت بۆ هەوری تەواو”.
لە ئەمڕۆوە پلەكانی گەرما كەمێك بەرزتر دەبنەوە، بۆ ئەمڕۆ لە هەولێر بەرزترین پلەى گەرما دەگاتە 21 پلەى سیلیزى، لە سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجەش 19 پلە تۆماردەكرێن، لەكاتێكدا لە كەركوك زیاتر بەرزدەبێتەوە و دەگاتە 23 پلەی سیلیزی.
بەڵام سبەینێ پلەكانی گەرما كەمێك بەرزتر دەبنەوە، لە هەولێر دەگاتە 22 پلە، لە سلێمانی و دهۆك 21 پلە، هەڵەبجە 22 پلە و لە كەركوكیش 25 پلەی سیلیزی تۆماردەكرێن.
ئەم بەرزبوونەوەیەی پلەكانی گەرما پێشبینیكراو بوون، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر كەشناسیی عێراق هۆشداری لە هاتنی شەپۆلێكی گەرما دابوو، بەشێوەیەك ئەگەر هەیە لە هەندێك ناوچەی باشوور و ناوەڕاست پلەكانی گەرما دەگەنە 40 پلەی سیلیزی.