ڕۆیتەرز: ناردنی گازی کوردستان بەهاوکاریی ئیسرائیل هۆکاری بۆردومانەکەی ئێران بوو بۆسەر هەولێر

دوای زیاتر لە دوو هەفتە لە گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتیی هێرشەکانی سەر هەولێر، بەرپرسانی عێراقی و بیانی زانیاری و وردەکاریی گرنگیان لەوبارەیەوە خستووەتە ڕوو و کەباس لە هۆکاری هەناردەی گازی هەرێم دەکەن وەک پاڵنەری هێرشەکە.

چەند سەرچاوەیەکی بەرپرسی عێراقی و تورکی بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەیان بەوەکردووە، هەناردەی گازی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و ئەوروپا بەهاوکاریی ئیسرائیل، بەشێکبووە لە هۆکاری تووڕەبوونی ئێران و پاڵنەربووە بۆ بۆردوومانکردنی هەولێر بە مووشەک لە دوو هەفتەی ڕابردوودا.

ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ ڕۆیتەرز کردووە بەمەرجی ئەوەی ناویان ئاشکرانەکرێت دەڵێن، پاڵنەری سەرەکیی ئەو هێرشە پلانی هەناردەکردنی گازی هەرێمی کوردستان بووە بۆ تورکیا و ئەوروپا بەهاوبەشیی ئیسرائیل.

ئەو سەرچاوانە ڕوونیانکردووەتەوە کە پلانەکە لەکاتێکی هەستیاری سیاسیدا بووە چ سەبارەت بە ئێران چ ناوچەکە هەمووی، چونکە هەناردەی گازی هەرێمی کوردستان دەبێتە مەترسی بۆسەر پێگەی ئێران وەک هەناردەکاری سەرەکیی گاز بۆ عێراق و تورکیا، لەکاتێکدا ئابورییەکەی لەژێر فساری سزا نێودەوڵەتییەکاندایە.

بەرپرسێکی ئەمنیی عێراقی بە ئاژانسەکەی وتووە، لەم ماوەیەی دواییدا چەند کۆبوونەوەیەک هەبووە لەنێوان بەرپرسانی وزە و پسپۆڕانی ئیسرائیلی و ئەمریکی لەو باڵەخانەیەدا “وەک ئاماژە بۆ باڵەخانە بۆردومانکراوەکە”، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی هەناردەی گازی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا لەڕێگەی هێڵی نوێوە.

سەرباری لێدوانەکانی ئەو بەرپرسە عێراقییە، بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا بە ڕۆیتەرزی وتووە، ئەو بەرپرسەی باڵەخانەکەی بۆردومانکراوە، کاردەکات بۆ پەرەپێدانی پلانی هەناردەی گازی کوردستان لەڕێگەی هێڵی نوێوە.

باسی لەوەشکردووە، شێخ باز بەرزنجی کە خاوەنی کۆمپانیای کارە، هەوڵەکانی بۆ خێراکردنی ئەو هێڵە نوێیە لەمدواییانەدا چڕکردبووەوە کە بڕیاربوو لەگەڵ تورکیا بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسە ئەمنییەکەی عێراق جەختیکردووەتەوە، کە لانیکەم دوو لەو کۆبوونەوانەی بەرپرسان و شارەزایانی ئەمریکی و ئیسرائیلی تێدا بەشداربوون لەماڵەکەی شێخ بازدا ئەنجامدراون.

هەرووەها دوو بەرپرسی تورکی کە لە چاوپێکەوتنەکەی ڕۆیتەرزدا بەشداریانکردووە ئاماژەیان بەوەکردووە، لە گفتوگۆکاندا بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلی و تورکی هەبوون.

بەڵام هیچ یەکێک لەو بەرپرسانەی قسەیانکردووە، باسیان لەوەنەکردووە هەنگاوەکانی ئەو پلانە گەیشتووەتە چ قۆناغێک و ڕۆڵی ئیسرائیل چیبووە تێیدا.

بەرپرسە تورکیەکە دەڵێت، “کاتی ئەنجامدانی هێرشەکە مایەی گرنگیپێدانە”، “لەلایەک پلانی هەناردەی وزەی هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئامانج و لەلایەکی دیکەوە ئەو هاوبەشییەی ئەگەری هەیە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئیسرائیل کراوەتە ئامانج”.

لەبەرامبەردا فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتووە، ئەو لێدوانانە ڕەتدەکاتەوە و ئاماژە بەوەدەکات، “کار گروپ” لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا لەبواری وزەدا کاردەکات، و خاوەندارێتی سێ هێڵی هەناردەی نەوت دەکات لەگەڵ کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕوسی.

هەروەها نوسینگەی نێچیرڤان بارزانی ڕەتیکردووەتەوە، هیچ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلی ئەنجامدرابێت بەمەبەستی هەناردەکردن و ڕاکێشانی هێڵی گاز.

لە راپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، هێرشەکەی ئیران بۆسەر هەولێر بەهۆی ململانێی وزە بووە لەناوچەکە نەک تۆڵەی کوژرانی دوو ئەفسەری ئێرانی لە دیمەشق لە بۆردومانێکی ئیسرائیلدا.

لە 13ی ئازاردا بە 12 موشەک لەدەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە ساری هەولێر کرایە ئامانج، دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکە ڕاگەیاند.

بابەتی پێشتر

دیبالا بۆ بەرشلۆنە، خەیاڵە یان ڕاستی؟

بابەتی دواتر

"قبووڵکراو نییە".. وڵاتانی G7 وەڵامی داوای فرۆشتنی گاز بە ڕۆبڵ دەدەنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share