“قبووڵکراو نییە”.. وڵاتانی G7 وەڵامی داوای فرۆشتنی گاز بە ڕۆبڵ دەدەنەوە

ڕۆبەرت هابەک وەزیری ئابوریی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، داواکەی ڕوسیا بۆ فرۆشتنی گازی ڕوسی بە ڕۆبڵ “قبووڵکراو نییە”.

پاش کۆبوونەوەیەکی وەزیرەکانی کۆمەڵەی وڵاتانی G7 لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە، هابەک ڕایگەیاند، “سەرجەم وەزیرەکانی کۆمەڵەی حەوت هاوڕابوون کە مەرجەکەی ڕوسیا پێشێلکارییەکی یەکلایەنەی ڕوونە بۆ ڕێککەوتنەکان.. ئەمەش واتە پارەدان بە ڕۆبڵ قبووڵکراو نییە”.

وەزیری ئابوریی ئەڵمانیا داواشی لە کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان کرد، “وەڵامدانەوەیان بۆ داواکەی پوتین نەبێت” و ڕوسیای بە “هەناردەکەرێک کە خاوەنی متمانە نییە” وەسفکرد.

پێشتر ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاندبوو وڵاتەكەی چیدی دۆلار و یۆرۆ لە بەرامبەر هەناردەکردنی گاز بۆ ئەوروپا وەرناگرێت و هەفتەیەکیشی دابووە بەرپرسانی وڵاتەكەی تاکو سیستمێکی پارەوەرگرتن بە ڕۆبڵ سەرپێبخەن.

چەندین وڵاتی ئەوروپی کە کڕیاری گازی ڕوسیین، بە ئەڵمانیا و پۆڵەندا و فەرەنساشەوە، ناڕەزایەتییان بەرامبەر ئەم داوایە دەربڕی و ڕایانگەیاند، ڕوسیا بەم کارەی لەو گرێبەستانە لادەدات کە لەگەڵ کۆمپانیا ئەوروپییەکانی کڕیاری گازدا هەیەتی.

بابەتی پێشتر

ڕۆیتەرز: ناردنی گازی کوردستان بەهاوکاریی ئیسرائیل هۆکاری بۆردومانەکەی ئێران بوو بۆسەر هەولێر

بابەتی دواتر

لە هەرێم پشتبەستن بە پشكنینی (PCR) بۆ گەشتكردن هەڵگیرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share