زیادەڕەوییەكانی وتارێكی لە ئیماراتەوە
مەسرور بارزانی: کارەبای عێراق دابیندەكەین و توانای ‏زیاتریشمان هەیە!‏

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت، کوردستان وزەی کارەبای بەشەکانی دیکەی عێراق دابیندەکات و توانای ئەوەشی هەیە خواستی زیاتری وزە لە عێراقدا دابینبکات، ئەمەش لەكاتێكدا لە هەرێمی كوردستان ڕۆژانە چوار كاتژمێر كارەبای نیشتمانی هەیە.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌ كۆڕبه‌ندی جیهانیی وزه‌ لە ئیمارات وتارێكی پێشكه‌شكرد و و ڕایگەیاند، “ئێمە هاوڵاتییانی خۆمان دەپارێزین و خزمەتیان دەکەین، لە هەمان کاتیشدا پەناگە بە خەڵکانی دیكه‌ پێشکەش دەکەین، ئێمە ئەندامێکی کارای کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتین، کە کار بۆ دابینکردنی ئاییندەیەکی باشتر دەکات”.

ئاشكراشیكرد لەئێستادا هەرێم لە “ڕۆژێکدا نیو ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و هەناردەی دەکات، هەروەها نزیکەی نیو ملیار پێ سێجای گاز لە ڕۆژێكدا بەرهەمدەهێنێت”.

مەسرور بارزانی وتیشی، “لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبین بە هەناردەکاری گاز بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق، تورکیا و ئەوروپا و پێداویستی ئاسایشی وزەی ئەوان دابیندەکەین” و دوپاتیكردەوە، ئێمە دەرفەتێکی گەورەمان هەیە بۆ دابینکردنی وزە بۆ بازاڕی ناوخۆ و جیهانی و سوورین لەسەر ئه‌وه‌ی کوردستان بكه‌ینه‌ سەنتەرێکی وزە لە ناوچەکەدا.

سەبارەت بە بڕیارەكەی ئەمدواییە دادگای فیدراڵی دەربارەی یاسای نەوت و گازی هەرێم، مەسرور بارزانی بڕیارەكەی بە سیاسی و دژی دەستووری عێراق ناوبرد و وتی، “ئەو بڕیارە بۆ ئەوە درا، تا گوشار لەسەر ئێمە دروست بکات لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق. دۆست و هاوبەشەکانمان ئەو بابەتە دەتوانن بە ڕوونی ببینن”.

لەگەڵ ئەوەدا دووپاتیكردەوە، كابینەكەی پابەند دەبێت بەو گرێبەستانەی لەگه‌ڵ كۆمپانیاكان واژووکراون و وتی، “ئەو گرێبەستانە بەپێی یاسای نەوت و گازی کوردستان و دەستووری هەمیشەیی عێراقە و بەشێکە لە داهاتووی هاوبەشمان”. بە وتەی ئەو بڕیارەكەی دادگا هیچ کێشەیەک بۆ وەبەرهێنان لە بواری وزە لە کوردستان دروستناکات.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، “لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە حکومەتی فیدراڵی لە دانوستانداین، لەبارەی ڕێککەوتنێك کە ڕێز لە دەستوور و مافەکانی ئێمە دەگرێت”.

باسی لەوەشكرد، “وەک هەمیشە، کە بە بیری دۆستەکانم لە بەغدا دێنمەوە، کوردستان وزەی کارەبای بەشەکانی دیکەی عێراق دابین دەکات، توانای ئەوەشی هەیە خواستی زیاتری وزە لە عێراقدا دابین بکات. ئێمە پابەندین بە گێڕانی رۆڵێکی بنیاتنەر بۆ هەموو عێراق”.

ئەو وتانە لەكاتێكدایە لە هەرێمی كوردستان ڕۆژانە بە نزیكەیی چوار كاتژمێر كارەبای نیشتمانی هەیە و، هاوڵاتییان بەدەست دواكەوتنی مووچە و نەبوونی پارە لە بانكەكان، گرانی و بەردەستنەبوونی بەنزین، غاز و نەوتەوە دەناڵێنن.

چەند بەشێكی دیكە لە وتەكانی مەسرور بارزانی:

– ئێمە ئێستا گەیشتووینەتە خاڵێك لە مێژووماندا، کە ئامادە و ڕاوەستاوین بۆ بنیاتنان.

– بەرپرسیارێتی یەکەمی من، جێبەجێکردنی خواست و داواکاریی هاووڵاتیانه‌.

– خزمەتگوزاریی گشتی گەیه‌نەدراوەتە قووڵایی دەشت و گوندەکان.

– باشترین سیاسەتە په‌یڕه‌وكراوه‌كانی جیهانمان لە کەرتی گشتیدا جێبەجێکرد.

– هانی یەکەمەکان دەدەین و داهێنەرەکان خەڵات دەکەین.

بابەتی پێشتر

ماڵدینی کلیلی وازهێنانی تیاگۆ سیلڤا-یە

بابەتی دواتر

چین: بەرپەرچی سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ڕوسیا دەدەینەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share