پەرلەمانتارێكی پێشووی ئهنجومهنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، ئەنجومەنی وهزیرانی عێراق پڕۆژهیهكی گرنگی پهسهندكردووه، كه دەسەڵات دەدات بەوەزیری دارایی کە 25 ترلیۆن دینار لە زیادەی وەزارەتی دارایی و قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی خهرج بکات، دەشپرسێت، سێ وەزیرەکەی کورد لەکوێ بون؟ تا پشكی هەرێمی تێدا جێگیر بكرێت.
ئهحمهدی حاجی ڕهشید، ئهندامی لیژنهی دارایی لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران لە نووسینێكدا كە لەهەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە ڕایگهیاندووە، “پڕۆژەیاسای پاڵپشتی کوتوپر بۆ ئاسایشی خۆراک و گەشە لە کۆبونەوەی دوێنێ شەممە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا، کە 10 ماددەیە و دەسەڵات دەدات بە وەزیری دارایی کە 25 ترلیۆن دینار لە زیادەی وەزارەتی دارایی و قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی خهرج بکات”.
ڕوونیشیكردووەتەوە، 35%ی پارهكه بۆ پاڵپشتی ئاسایشی خۆراک و پیتاکی خۆراک و پارەی گەنمی جوتیاران تهرخان دهكرێت، 35%ی بۆ پڕۆژەکانی وەزارەتەکان و ئەو پارێزگایانەی کە لەهەرێمێکدا ڕێک نەخراون هەروەها 10% بۆ پشتگیری سیولەی دراو بۆ خەزێنەی گشتی، 10% بۆ دانەوەی قەرزەکانی دەرەوەو قەرزەکانی هاوردەکردنی غازو وزە، 5% بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و 5% خەرجیە کوتوپڕەکانە.
ئهحمهدی حاجی رهشید ئەوەشی نووسیوە، “دەپرسم ئەم یاسایە لە ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر دراوە و (سێ) وەزیری کوردی لێیە و لە پەرلەمانیش خوێندنەوەی بۆ کراوە و 65 نوێنەری کوردی لێیە لەکوێدا پشکی هەرێمی تیا جیاکراوەتەوە؟، هەرچەندە ئەندام پەرلەمانەکان گلەییان لێناکرێت تا یاساکە تێنەپەڕێت”.