چووەتە شەڕی دژ بە ڕوسیاوە و چەكەكەی تەنها ئایفۆنێكە

ماریا لە شەقامێكی خاركیڤ و لە پشتیەوە دوو باڵەخانەی زیانپێگەیشتوو دەردەكەون

بەڕێوەبەری توێژینەوەكان لە سەنتەرێكی ڕۆشنبیری كە ناوی (یو ئەی ئێكسپێرتس)ە باوەڕی وایە ڕێگایەكی دۆزیوەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای ڕوسیا لە ئۆكرانیا، ئەویش لەڕێی مۆبایلەكەی و ئەژمارێكیەوە لە تویتەر، لەگەڵ چەند ساڵێك لە ڕاهێنانی یاسایی.

ناوی ئەو خانمە ماریا ئەڤیدیڤا-یە، ڕاپۆرت لەبارەی شاری خاركیڤ-ی گەمارۆدراوەوە ئامادەدەكات، ئەو شارەی زیاتر لە 30 كیلۆمەتر لە سنوورەكانی ڕوسیاوە دوورە.

ماریا لە بڵاوكراوەكانی ڕۆژانەیدا ئەو باڵەخانانە نیشاندەدات كە لە شارەكەدا ڕووبەڕووی بۆردومان دەبنەوە، زۆرجار لەكاتی تۆماری ڤیدیۆكانیدا دەنگی بۆردومان و مووشەك لە دەوروبەرییەوە دەبیسترێن، وەك ئەوەی تۆڕی (سكای نیوز)ی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە.

بۆ نمونە لە یەكێك لە تویتەكانیدا بە زمانی ئینگلیزی دەڵێت، “سڵاو من ماریا ئەڤیدیڤا-م لە شاری خاركیڤ لە ئۆكرانیا، ئەمڕۆ 18ی ئازارە”.

دەشڵێت، “ئەمڕۆ هاتمەدەرەوە بۆ بەدەستگەیشتنی خۆراك، جارێكی دیكە بۆردومان دەستیپێكردەوە. بەیانی دەستیپێكرد و دواتر بەردەوامبوو، ئەم بینایە لەناوچوو كە لە بنەڕەتدا ناوەندێكی بازرگانییە”.

لەم ڤیدیۆیەدا، ماریا بە پلیكانەكانی ناوەندە بازرگانییەكەدا سەردەكەوێت كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدە، بە كامێراكەی نوسینگە وێرانبووەكان نیشاندەدات، تیایدا داروپەردوو و پارچەی شوشە و مێز و كورسی و كۆمپیوتەری شكاو دەردەكەون.

لە ڤیدیۆیەكی دیكەدا، ئاستی ئەو وێرانییە دەردەخات كە لە یەكێك لە شەقامە سەرەكییەكانی ناوەندی شاری خاركیڤ-دا ڕوویداوە.

ئەم ژنە ئۆكرانیە بەشێوازە تایبەتەكەی خۆی دەیەوێت ململانێ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا بكات، لەپێناو هێنانەدی ئەو ئامانجە ستراتیژییەی خواستیەتی.

ئەو دەڵێت، سوورە لەسەر تۆماركردن و بە بەڵگەكردنی ئەو بۆردومانەی شارەكە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی دەزانێت ڕوسیا و میدیاكانی بەرپرسیارێتی خۆیانی لێدەدزنەوە.

كارەكەی بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەی فۆڵۆوەرەكانی لە تویتەر بەخێراییەكی زۆر و ژمارەیەكی بەرچاو بەرزببێتەوە و تا ئەمڕۆ گەیشتووەتە 75 هەزار.

ماریا كار لەسەر بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیاری دەكات دەربارەی بارودۆخی خاركیڤ، كە نزیكەی نیو ملیۆن كەس لێی ئاوارەبوون.

باوەڕیشیوایە مرۆڤ دەبێت لە شەڕی زانیاریی لەو جۆرەدا چالاك بێت “لەپێناو نیشاندانی ڕاستی و ئەوەی بە كردەیی ڕوودەدات”.

بابەتی پێشتر

وەزیری داد: لەڕووی زمانەوانی و شكڵییەوە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیمان لاپەسەند نییە

بابەتی دواتر

بەغداد هەرێمی لە پارەیەك بێبەشكرد و وەزیرە كوردەكانیش بێدەنگ بوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share