چێوەی هەماهەنگی: دانیشتنی شەممەی داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار سەرناگرێت

چێوەی هەماهەنگی جەختدەكاتەوە كە دانیشتنەكەی شەممەی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ئەنجام نادرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە چێوەی هەماهەنگی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “فشاركردن بۆ ڕێكخستنی دانیشتنێكی ناتەواوی ئەنجومەنی نوێنەران لەڕووی مەرجەكانی ڕێژەی یاسایی و قایلبوونەوە، بەتایبەت لەلایەن گرنگترین پێكهاتە سیاسییەكان و سەربەخۆكانەوە، دەبێتەهۆی پێشێلكردنی مافی گەورەترین پێكهاتەی ڕۆڵەكانی عێراق و پەرتیاندەكات و شكۆیان وندەكات”.

چێوەی هەماهەنگی داوادەكات گفتوگۆبكرێت و هەمووان دووربكەنەوە لە “كورتكردنەوەی بابەتەكان لە كەسەكاندا و كوتلەبازی”، وەك ئاماژەیەك بۆ پێداگیریكردنی سەدر لەسەر پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە ئەو هۆكارانە وایانكردووە “چێوەی هەماهەنگی پەنابباتەبەر سێیەكی پەكخەر كە توانای ڕاگرتنی هەر پڕۆژەیەكی هەبێت كە زیان لە مافی پێكهاتەكانی گەلی عێراق بدات و هەر لادانێك لە ڕێڕەوی پرۆسەی دیموكراسی ڕووبدات هەوڵی ڕاستكردنەوەی بدات”.

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەیدا چێوەی هەماهەنگی جەختدەكاتەوە لەوەی دانیشتنەكەی ڕۆژی شەممەی داهاتوو كە بڕیارە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ئەنجامبدرێت، سەرنەگرێت و بەهۆی ئامادەنەبوونی ژمارەی پێویستی پەرلەمانتاران و تەواونەكردنی ڕێژەی یاساییەوە سازنەدرێت.

ڕاگەیەندراوەكەی چێوەی هەماهەنگی لەكاتێكدایە هاوپەیمانیی سێقۆڵیی سەدر – بارزانی – حەلبووسی دەیانەوێت ڕۆژی شەممەی داهاتوو ئەنجومەنی نوێنەران كۆببێتەوە و دەنگ بە كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بدرێت، بەڵام تا ئێستا ژمارەی پێویستی پەرلەمانتاریان نییە كە بریتییە لە دوو لەسەر سێ (220) پەرلەمانتار.

بابەتی پێشتر

دادگای فیدراڵی سكاڵایەكی سەر ڕێبەر ئەحمەدی ڕەتكردەوە

بابەتی دواتر

گۆڕی پیاوێک دەدۆزرێتەوە کە هەزار ساڵ لەمەوپێش پیشەی توێکاریی کردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share