دادگای فیدراڵی سكاڵایەكی سەر ڕێبەر ئەحمەدی ڕەتكردەوە

دادگای باڵای فیدراڵی

دادگای باڵای فیدراڵی سكاڵایەكی دژ بە كاندیدبوونی ڕێبەر ئەحمەد بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ڕەتكردەوە.

میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ دادگاكە لەمیانەی دانیشتنێكدا ئەو سكاڵایەی ڕەتكردەوە كە پێشتر لەلایەن عالیە نوسەیف پەرلەمانتاری چێوەی هەماهەنگی دژ بە ڕێبەر ئەحمەد تۆماركرابوو و تیایدا داوای بڕیاری دادگاكەی كردبوو لەبارەی نادەستووریبوون و هەڵوەشاندنەوەی كاندیدكردنی بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار.

بڕیاربوو سەرەتای شوباتی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار یەكلابكاتەوە، بەڵام ناكۆكی و جیاوازی بۆچوونی لایەنەكانی كورد و شیعە ڕێگربوون لەبەردەم بەڕێوەچوونی پرۆسەكە، بەهۆیەوە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستەكە دوو جاری دیكە كرایەوە، كە یەكێكیان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە بە نایاسایی دانرا.

پاش یەكلاكردنەوەی ناوی كاندیدانیش دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە بڕیاریدا شەممەی داهاتوو 26ی ئازار دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ئەنجامبدرێت كە تائێستا ڕوون نییە ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادەدەبن یان نا.

هاوپەیمانیی سێقۆڵی ژمارەی پێویست و یاسایی دانیشتنەكەی نییە و چاوی لە پەرلەمانتارە سەربەخۆكانە، چێوەی هەماهەنگیش زیاد لە جارێك دووپاتیكردووەتەوە كە سێ یەكی زامنیان هەیە و دانیشتنەكە بەبێ ڕێككەوتن و سازان لەگەڵ ئەوان بەڕێوەناچێت.

بابەتی پێشتر

لە تەمەنی 101 ساڵیدا خەونی بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەدیهێنا

بابەتی دواتر

چێوەی هەماهەنگی: دانیشتنی شەممەی داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار سەرناگرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share