ناسا ژمارەی ئەو هەسارانەی لەدەرەوەی کۆمەڵەی خۆر دۆزیونیەتەوە ئاشکرادەکات

ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکی “ناسا” ئاشکرایکرد، تائێستا زیاتر لە پێنج هەزار هەسارەیان لەدەرەوەی کۆمەڵەی خۆر دۆزیوەتەوە کە هەریەکەیان خاوەنی تایبەتمەندیی خۆیانن.

ئاژانسی ناسا لەدوایین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاندووە، توانیویانە 65 هەسارەی دیکە لەدەرەوەی سیستمی خۆر بدۆزنەوە و زیادی بکەن بۆ ژمارەی ئەو هەسارانەی تائێستا بە دڵنیایی تەواوەوە دۆزیویانەتەوە و ڕیزبەندییان بۆکردوون، بەمەش کۆی ژمارەی هەسارە دۆزراوەکانی دەرەوەی سیستمی خۆر گەیشتووەتە 5005 هەسارە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکردووە، “ئەو هەسارانەی تائێستا دۆزراونەتەوە تەنیا بەشێکی بچووکن لە ملیاران هەسارە کە لە گەلەئەستێرەی کاکێشاندا هەن، هەروەها ژمارەیەکی زیاتریش لە گەلەئەستێرەکانی دیکەدا هەن”.

ئاماژە بە تایبەتمەندیی هەسارەکان کراوە، کە ڕووپۆشی بەنزیکەیی بەردی هاوشێوەی زەوییە، لەگەڵ بوونی قەبارەی زۆر گەورەی گازەکان تێیدا بە چەندین جار زیاتر لە هەسارەی موشتەری، بەگشتی بەدەوری دوو ئەستێرەدا دەسوڕێنەوە لەهەمانکاتدا، هەندێکیشیان بەدەوری هەندێکی ئەستێرەی مردوودا دەسوڕێنەوە.

لەبارەی دۆزینەوە نوێیەکەی ناساوە بەڕێوەبەری بەشی ئەرشیڤ لە لە پەیمانگای ناسا بۆ زانستی هەسارەکانی دەرەوە لە کالیفۆرنیا جێسی کریستیانسن دەڵێت، “ئەمە تەنها ژمارە نییە، هەریەکە لەو هەسارانە جیهانێکی نوێن، هەسارەی تەواو نوێن، من سەبارەت بەهەریەکەیان بەتەواوی بەپەرۆشم لەبەرئەوەی هیچیان لەبارەوە نازانین”.

ئەلیکساندەر لیشانز پسپۆڕی هەسارەکان لە زانکۆی پەنسلڤانیا و بەشدار لە پرۆژەکەی ناسا ڕایگەیاند، “ئێمە دەستمان بەسەردەمێکی نوێ بۆ دۆزینەوەی هەسارەکانی دەرەوە کردووە تاوەکو زیادیبکەین بۆ لیستی هەسارە دۆزراوەکان، گەیشتنی مانگی دەستکردنی TEES بۆ دۆزینەوەی هەسارەکانی دەرەوە کە لەساڵی 2018دا ڕەوانەکرا هەسارەی زیاتری نوێ لە دەرەوەی سیستمی خۆر ئاشکرادەکات”.

ئەو پسپۆڕە ئەمریکییە پێیوایە، تێلسکۆپەکانی نەوەکانی داهاتوو وردتر و هەستیارتر دەبن بۆ دۆزینەوە و دیاریکردنی هەسارەی نوێ، کە بە تێلسکۆپی جەیمس وێب دەستپێدەکات کە لەمدواییانەدا ڕەوانەی بۆشایی ئاسمانکرا، توانای دیاریکردنی ڕوناکی و کەشی هەسارەکانی هەیە، هەروەها دەتوانێت ئەو گاز و پێکهاتانە دیاریبکات کە دەکرێت ئاماژەبن بۆ ژیان.

بابەتی پێشتر

نرخی نەوت گەیشتە سەروو 116 دۆلار

بابەتی دواتر

نزیكەی 300 هەزار ئۆكرانی لە خێرسۆن هەڕەشەی بێنانییان لەسەرە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share