وادەی ناردنی گەورەترین مووشەكی ناسا بۆسەر مانگ كەیە؟

ئاژانسی ناسا دەڵێت، ئەو وادەیەی دانراوە بۆ هەڵدانی مووشەكە گەورەكەی بۆسەر مانگ وەك خۆیەتی سەرەڕای ئەو گەردەلولەی ویلایەتی فلۆریدای گرتووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دوو وادەی جێگرەوەی دیاریكردووە.

ئاژانسی ئاسمانگەری ئەمریكی (ناسا) رایگەیاند، لەسەر رێكەوتی چوارشەممە 16ی تشرینی دووەم ماوەتەوە كە وادەی هەوڵی هەڵدانی مووشەكە گەورە نوێیەكەی (ئێس ئێڵ ئیس)ە بۆسەر مانگ، دوای ئەوەی پێداچوونەوە بە كاریگەرییەكانی گەردەلولی (نیكۆڵ) كە ویلایەتی فلۆریدای گرتووە نیشانیدا تەنها زیانی كەمی هەبووە.

جیم فری، یاریدەدەری بەڕێوەبەر لە ئاژانسەكە وتی، “هیچ شتێك رێگرنابێت” لە هەڵدانی مووشەكەكە لەو رێككەوتەدا.

بڕیارە (ئێس ئێڵ ئێس) كە بەهێزترین مووشەكە ئاژانسە ئەمریكییەكە دروستیكردبێت 16ی ئەم مانگە هەڵبدرێت، مووشەكەكە كەپسولی (ئۆریۆن) بەرەو مانگ ئاراستە دەكات، بەبێ ئەوەی لەسەری بنیشێتەوە، ئەگەر هەڵدانەكە لە رۆژی چوارشەممە سەربگرێت، ئەو ئەركە كە یەكەمینە لە چێوەی بەرنامەی گەورەی (ئەرتیمیس)ی ئەمریكی بۆ گەڕانەوە بۆ مانگ، 25 رۆژ و نیو دەخایەنێت، بەر لەوەی كەپسولەكە لە 11ی كانونی یەكەمی داهاتوو لە زەریای هێمن بنیشێتەوە.

لە هەمان كاتدا دوو وادەی جێگرەوە دیاریكراون كە ئەوانیش 19 و 25ی تشرینی دووەمە بۆ هەڵدانی مووشەكەكە، لەكاتێكدا ئەگەر هەوڵەكەی چوارشەممە سەرنەگرێت.

لە چەند مانگی رابردوودا دوو هەوڵی هەڵدانی مووشەكەكە بەهۆی دزەكردنی سوتەمەنی و هەندێك كێشەی تەكنیكیی دیكە هەڵوەشایەوە.

كەپسولەكە سێ بوكەڵەی تاقیكردنەوەی تیایە بۆ زانینی ئەوەی ئایا گونجاو و سەلامەتە تا لە هەڵدانی داهاتوودا كەشتیوانانی ئاسمانی پێ رەوانە بكرێت.

لە سایەی ئەم کەپسولە نوێیەوە، ناسای ئەمریکی بەنیازە گەڕانەکانی مرۆڤ لە دەوری گەردووندا دەستپێبکاتەوە، بەو پێیەی مانگ هەزار هێندەی وێستگەی ئاسمانیی نێودەوڵەتی دوورترە لە زەوی.

بابەتی پێشتر

25 کەس بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیرکران

بابەتی دواتر

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق دەستیلەکارکێشایەوە و شوێنگرەوەشی دیاریکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share