چەمچەماڵ.. كارمەندێكی ئاسایش لە ڕووداوێكی تەقەكردندا كوژرا

لە ڕووداوێكی تەقەكردندا لە چەمچەماڵ كارمەندێكی هێزەكانی ئاسایش كوژرا، قائیمقامی قەزاكە دەڵێت، لێكۆڵینەوە بۆ زانین و دەستگیركردنی تۆمەتباران دەستیپێكردووە.

شەوی ڕابردوو ڕووداوێكی تەقەكردن لەناو بازاڕی قەزای چەمچەماڵ ڕوویدا و بەهۆیەوە كارمەندێكی ئاسایش بەناوی (م. ع.) برینداربوو.

ڕمك ڕەمەزان، قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ڕووداوەكە كاتژمێر 09:40 خولەكی شەوی ڕابردوو ڕوویدا، بەیانی ئەمڕۆ بریندارەكە بەهۆی كاریگەری برینەكەوە گیانیلەدەستدا.

وتیشی، “هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردووە و دادوەر بڕیاری دەستگیركردنی بۆ تۆمەتبارانی نەناسراو دەركردووە”.

ڕمك ڕەمەزان ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئەمنییەكانمان ڕاسپاردووە بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەو دۆسیەیە.

ڕوونیشیكردەوە، تۆمەتباران نادیارن، چونكە لایەنی بەرامبەر تائێستا سكاڵایان لە كەسێكی دیاریكراو نەكردووە و لە لێكۆڵینەوەشداین.

دەربارەی ئەوەی لە هەندێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا كوڕی عەبدوڵای كوێخا موبارەك وەك تۆمەتبار ناویدەبرێت، قائیمقامی چەمچەماڵ وتی، “تەنها قسەی خەڵكە و بەڕەسمی هیچ شتێكی لەو بابەتەمان نەبیستووە و برایانی هێزی ئەمنییەكان ئەوەیان پشتڕاستنەكردووەتەوە”.

بابەتی پێشتر

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی دڵخۆشییە.. ئەو خۆراکانەی وادەکەن هەست بە دڵخۆشی بکەیت

بابەتی دواتر

بردنەوەی کلاسیکۆ پێنج ئامانجی بەرشلۆنە دەپێکێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share