ڕوسیا: ئۆكرانیا چەكی بایۆلۆژی هەیە
ئەمریكا: ئەو بانگەشەیە درۆیە و ڕوسیا دەیەوێت چەكی كیمیایی لە ئۆكرانیا بەكاربهێنێت

ڕوسیا دەڵێت، “ئۆكرانیا چەكی بایۆلۆژی دروستدەكات”، پرسیارەكان ئەوانەن كە بانگەشەكانی ڕوسیا سەبارەت بە بوونی چەكی بایۆلۆژی لە ئۆكرانیا تا چەند ڕاستن؟، ئایا ئۆكرانیا ئەو جۆرە چەكەی هەیە؟، زانكۆ و تاقیگەكانی ئەو وڵاتە پەرەیان بە چەكی بایۆلۆژی داوە؟ یان تەنها بانگەشەی ڕوسیان؟.

لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ڕوسیا – ئۆكرانیادا، مۆسكۆ چەند جارێك باسی لە بوونی چەكی بایۆلۆژی لە ئۆكرانیا كردووە. ئەو دەڵێت، بەشێك لە زانكۆكانی ئۆكرانیا و پسپۆڕەكانیان، چەكی بایۆلۆژی دروستدەكەن و لەو كارەشدا ئەمریكا هاوكارییان دەكات و بودجەی بۆتەرخانكردووە. داواشدەكات ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆبوونەوەی تایبەت بەو پرسە بكات و لێكۆڵینەوە بكات.

“ئێمە جەختدەكەینەوە كە لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لە ئۆكرانیا، حكومەتی ئەو وڵاتە ئەو چەكە بایۆلۆژییانەی لەناوبرد كە بە پشتیوانیی دارایی ئەمریكا دروستیكردبوون”، ئەمە دوایین لێدوانی فەرمیی حكومەتی ڕوسیایە لەبارەی “بوونی چەكی بایۆلۆژی لە ئۆكرانیا”، كە ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕۆژی 15ی ئەم مانگە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا خستییەڕوو.

ڕوسیا دەڵێت، “ئەوانەی لە كارگەكانی دروستكردنی چەكی بایۆلۆژیدا كاردەكەن، بەمدواییانە چەندین ماددەیان لەناوبردووە، لەوانە برینی پیس ‘جەمرە خەبیسە’ و بەكتریای كۆلێرا”.

لە بەرامبەر ئەو بانگەشانەدا، ئۆكرانیا و ئەمریكا بۆچوونی پێچەوانەیان هەیە و ڕەتیدەكەنەوە ئۆكرانیا چەكی لەو جۆرەی هەبێت. وتەبێژێك بەناوی حكومەتی ئۆكرانیاوە لێدوانی بۆ ئاژانسی هەواڵی “ڕۆیتەرز” داوە و ڕایگەیاندووە، ئۆكرانیا چەكی بایۆلۆژی نییە و ئەوە تەنها پڕوپاگەندەی ڕوسیایە”.

جۆن كێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا “پێنتاگۆن” دەڵێت، “بانگەشەكانی ڕوسیا پووچ و پێكەنیناوین، تەنها چەواشەكارییە و ئێمە هیچ جۆرە چەكێكی بایۆلۆژی لە ئۆكرانیا پەرەپێنادەین و ئەوە ڕووینەداوە”.

ڕوسیا دەیەوێت چەكی كیمیایی لە ئۆكرانیا بەكاربهێنێت

هاوكاتی كێربی، جێن ساكی وتەبێژی كۆشكی سپیی ئەمریكا وتی، “بانگەشەكردنی ئەوەی ئۆكرانیا چەكی بایۆلۆژی هەبێت، پاساوێكی ڕوسیایە بۆ ئەوەی چەكی كیمیایی لەدژی ئەو وڵاتە بەكاربهێنێت”.

بەپێی وتەی كاربەدەستانی ئەمریكا، ئەوەی واشنتن لە ئۆكرانیا كردوویەتی، هاوكاریكردنی “پرۆگرامی كەمكردنەوەی مەترسییەكان”ـە كە تەنها لە بواری لێكۆڵینەوەی زانستی و پزیشكیدا كاردەكات و ڕۆڵی هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پەتا و نەخۆشییەكانی دیكە”.

لیندا تۆماس نوێنەری ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، “ڕوسیا داوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی كردووە بەمەبەستی درۆكردن و بڵاوكردنەوەی هەواڵی چەواشەكارانە، ئەوەی ڕوسیا دەیڵێت پڕوپاگەندەیە”.

ڕوسیا زانیاری لەبارەی ناوەند یاخود تاقیگە و كارگەیەكەوە بەدیاریكراوی ئاشكرانەكردووە و نەیسەلماندووە ئۆكرانیا چەكی بایۆلۆژی دروستبكات، ئەمریكاش دەڵێت، تەنها یەك دامەزراوەی بایۆلۆژیی ئۆكرانی هەیە كە هاوكاریبكات، ئەویش “پرۆگرامی كەمكردنەوەی مەترسییەكان”ـە كە هی ئەمریكا نییە، بەڵكو ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمانی لە ئۆكرانیا پشتیوانیی ئەو دامەزراوەیە دەكەن و كار و ئەركەكانی تەنها لە هەردوو بواری پزیشكی و ڤێتێرنەریدان و ئاشتییانەن.

بابەتی پێشتر

دایکی مباپێ داوای مەحاڵ لە ڕیاڵ مەدرید دەکات

بابەتی دواتر

ئەگەر ئەم نیشانانەت هەیە پێویستە خوێ کەمبکەیتەوە!

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

فراوانكردنی دۆستایەتی و زامنكردنی كاریگەری
رۆژنامەی عەرەبی لەندەنی هەوڵەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بەرزدەنرخێنێت

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان درێژە بە جموجوڵە سیاسییەكانی دەدات كە ئامانج لێی گەڕاندنەوە و چەسپاندنی…
Total
0
Share