جی 20 و كۆپ 26.. لەمڕۆوە وتووێژە جیهانییەكانی تایبەت بە ئاووهەوا دەستپێدەكەن

كۆنگرەی كۆپ 26 بە یەكلاكەرەوە بۆ ئایندەی هەسارەی زەوی دادەنرێت

بڕیارە ئەمڕۆ سەرانی كۆمەڵەی 20 وتووێژە گەرمەكانیان تایبەت بە ئاووهەوا لە دووەم ڕۆژی كۆبوونەوەی لوتكەی خۆیان لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا دەستپێبكەن.

وتووێژەكانیان دەكەوێتە پێش لوتكەی كۆپ 26ی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە بڕیارە لە گلاسكۆی بەریتانیا (سكۆتلەندا) لەبارەی هەمان پرس ئەنجامبدرێت.

ئەركە دژوارەكە پەیوەندیدارە بە وەلانانی ناكۆكییەكانیان دەربارەی چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی دەردانی ئەو گازانەی دەبنەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی.

ڕۆژی یەكەمی لوتكەی ڕۆما بەشێوەیەكی سەرەكی تایبەت بوو بە تەندروستی و ئابوری، لەكاتێكدا ئاووهەوا و ژینگە لە لوتكەی خشتەی وتوێژەكانی ئەمڕۆدایە، لوتكەكە یەكەم كۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەرانی ئەو وڵاتانەیە لەدوای سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆناوە.

پێشبینی دەكرێت زانایان و چالاكوانانی ئاووهەوا تووشی بێهیوایی ببن، ئەگەر لەدواساتەكاندا دەرچەیەك نەدۆزرێتەوە، بەهۆی ئەوەی ڕەشنووسی ڕاگەیەنراوی كۆتایی كۆمەڵەی 20 هیچ پێشكەوتنێكی تیانییە ئاماژەی پێبكرێت دەربارەی پێشكەشكردنی پابەندیی نوێ بۆ سنووردانان بۆ ژەهراویبوون.

كۆمەڵەی 20، كە وڵاتانی وەك ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەمریكا، چین، بەرازیل، هندستان و ئەڵمانیا لەخۆدەگرێت، ئەندامەكانی كۆمەڵەكە بەشدارن لە نزیكەی 80%ی دەردراوەكانی كاربۆن، كە زانایان دەڵێن پێویستە بەتەواوی كەمبكرێتەوە بۆ خۆڕزگاركردن لە ڕوودانی كارەساتی ئاووهەوا.

لەبەر ئەم هۆكارە وا تەماشای كۆبوونەوەكانی ڕۆما دەكرێت، كە خاڵێكی گرنگی دەستپێكە بۆ لوتكەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە ئاووهەوا كە بڕیارە سەران و نوێنەرانی زیاتر لە 190 وڵات لە گلاسكۆ-ی سكۆتلەندا بەشداریی تێدابكەن، لەنێویشیاندا سەرانی زۆرینەی وڵاتانی كۆمەڵەی 20 ڕاستەوخۆ لەپاش كۆبوونەوەكەی ڕۆماوە.

چالاكوانانی بەرگریكار لە ژینگە
لەو چوارچێوەیەدا سەدان كەس لە گلاسكۆ كۆبوونەوە بۆ هاندانی سەرانی وڵاتانی جیهان بۆ هەنگاونان لەپێناو ئاووهەوادا لە كۆنگرەی كۆپ 26 كە بە یەكلاكەرەوە بۆ ئایندەی هەسارەی زەوی دادەنرێت.

ئەو كەسانە پاش ڕێپێوانێك بە درێژایی دەیان یان تا هەزاران كیلۆمەتر گەیشتنە گلاسكۆ، خۆپیشاندانەكە بڕیارە هاوكات لەگەڵ كۆنگرەی ئاووهەوای نەتەوە یەكگرتووەكان تا 12ی تشرینی دووەمی داهاتوو ئەنجامبدرێن.

خۆپیشاندەران كە لە ئیسپانیا و بەلجیكا و خودی سكۆتلەنداوە گەیشتوون، لە ناوەندی شارەكە چەندین لافیتە و دروشمیان بەرزكردووەتەوە لەوانە، “ڕێوشوێنەكان هەر ئێستا!”، “كردار نەك وتار” و “وزەی خەڵوزین بوەستێنن”.

بابەتی پێشتر

کەشناسی: زۆرترین بڕی باران لە پیرمام باریوە

بابەتی دواتر

دیداری چاوەڕوانکراوی بایدن و ئەردۆغان.. هۆشداریی ئەمریکا لەبارەی مامەڵەی ناژیرانەی تورکیا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share