لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیاییدا کە پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات دابینکراوە.
مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند، ” پارەی پێویست دابینکراوە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات و وەزارەتی دارایی وئابوری، لە ڕۆژانی پشووی جەژنی نەورۆزیشدا، بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە”.
بەشێکی کۆبوونەوەکە تایبەتبوو بە یادی کیمیابارانی هەڵەبجە و خستنەڕووی داواکارییەکانی ئەو پارێزگایە و بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەک لە وەزارەتەکان بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هەڵەبجە درا.
جەختیشکرایەوە کە لەسەر حکومەتی عێراق پێویستە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی و دەستووریی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و برینداران و زیانلێکەوتووانی کیمیابارانی هەڵەبجە و گشت قوربانیانی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دیکەی کوردستان بگرێتە ئەستۆ.
سەبارەت بە هێرشەکەی سەر شاری هەولێر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای سەرکۆنەکردنی ڕایگەیاند، ئەمە هێرشە بۆ سەر ژیان و ئاسایشی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و سەروەری عێراق و پێویستە عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ڕێگری لەم جۆرە هێرش و دەستدرێژیانە بۆ سەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەن.