ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا لیژنەیەك پێكبهێنێت بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی خزمەتكردنی هەڵەبجە، لەبارەی مووچەی مانگی دووشەوە دڵنیایی دەدات كە پارەی پێویست هەیە، بەنیازیشن دابەشكردنی بەنزینە عێراقییەكە بكەن بە پسووڵە.
دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا تەوەرەكانی كۆبوونەوەكەی ئاشكراكرد، لەبارەی هێرشەكەی ئێرانەوە ڕایگەیاند، هیچ بنكە و دامەزراوەیەكی ئیسرائیل لە هەرێمی كوردستان بوونی نییە، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆشدا ئیدانەی هێرشە مووشەكییەكە كرا، داوا كرا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لەوبارەیەوە پێكبهێندرێت و بەدواداچوونی جدی بكات.
بەشێكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بوو بە هەڵەبجە، وتەبێژەكەی حكومەت ئاماژەی بەوەكرد، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لیژنەیەك پێكبهێندرێت بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی تایبەت بە خزمەتكردنی هەڵەبجە، بە پێویستیشی زانی حكومەتی عێراق بەرپرسیارێتی خۆی لە قەرەبووكردنەوەی هەڵەبجە لەئەستۆبگرێت.
وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاشكرایكرد، بڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە دڵنیاییدان بە مووچەخۆران كە پارەی پێویست بۆ دابینكردنی مووچەی مانگی شوبات ئامادەیە و دابەشكردنی مووچە لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆزدا بەردەوامدەبێت.
جوتیار عادل باسی گرفتی بەنزینیشی كرد، پێیوایە جۆرێك لە ناعەدالەتیی تێدایە و خەڵكێك هەیە ڕۆژانە دەچێت بۆ وەرگرتنی بەنزینەكە و ئەوەش دەرفەت بۆ خەڵكی دیكە ناهێڵێتەوە.
بۆیە وتەبێژەكەی حكومەتی هەرێم ئاشكرایكرد، بەنیازن دابەشكردنی بەنزینەكەی عێراق بكەن بە پسووڵە، تا دادپەروەری لە دابەشكردنەكەدا هەبێت.