چەند تایبەتمەندییەكی ناوازەی هەیە.. واشنتن تاوتوێی ڕادەستكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بە ئۆكرانیا دەكات

واشنتن تاوتوێی پێدانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی شەڕكەر بە ئۆكرانیا دەكات، كە توانای هەڵگرتنی مووشەكی ئاراستەكراوی پێشكەوتووی هەیە بەجۆرێك بتوانێت تانكی ڕوسی و شوێنی تۆپهاوێژەكان لەدووری چەندان میل بە وردی بپێكێت، وەك ئەوەی تۆڕی ئێن بی سی-ی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە.

تۆڕەكە لە زاری دوو بەرپرسی ئاگاداری كۆنگرێس-ەوە بڵاویكردەوە، هێشتا بڕیاری كۆتایی لەوبارەیەوە نەدراوە، بەڵام ئاماژەیان بەوەداوە كە كۆشكی سپی تاوتوێی پێدانی ئەو جۆرە فڕۆكەیە بە ئۆكرانیا دەكات كە بە (Switchblades) ناسراوە، وەك بەشێك لە دەستەوارەیەكی نوێی هاوكاریی سەربازی كە پێشبینی دەكرێت ئەمڕۆ لەلایەن جۆ بایدن-ەوە گفتوگۆی لەسەربكرێت.

دوو جۆری جیاوازی ئەم چەكە هەیە، یەكێكیان دژ بە تاك بەكاردەهێنرێت، ئەوی دیكەیان بۆ لەناوبردنی تانك و زرێپۆشەكانی دیكە بەكاردێت.

(Switchblades) لە بنەڕەتدا بۆمبی زیرەكی تەكنەلۆجی ئامادەكراوە بە كامێرا و سیستمی ئاراستەكردن و تەقینەوە، بەجۆرێك توانای فڕینی بۆ ماوەیەكی دیاریكراو و مانەوە لە ئاسماندا هەیە بەر لە بەركەوتنی لەگەڵ ئامانجەكەی.

هەروەك دەكرێت بەرنامەڕێژبكرێت بۆ لێدان لە ئامانجەكان بەشێوەیەكی خۆكردانە لەدووری چەندان میل، دەشكرێت ئاراستەی ئامانجەكان بكرێت تا كاتی لێدانی دێت.

كۆمپانیای دروستكەری دەڵێت، ئەو جۆرەی تایبەتە بە لەناوبردنی تانك دەتوانێت بۆ ماوەی 40 خولەك و تا دووری 50 میل بفڕێت.

هەروەها دەكرێت ئەم جۆرە چەكە لەماوەی چەند خولەكێكی كەمدا ئامادەبكرێت، بەخێراییەكی زۆر زیاتر لە فڕۆكەی بەیرقدار-ی توركی دەفرێت، ئەو جۆرەی ئۆكرانیا بەشێوەیەكی بەرچاو لە شەڕی دژ بە ڕوسیادا بەكاریهێناوە.

تۆڕەكە دەڵێت، (Switchblades) توانای تێپەڕاندنی بەرگریی ئاسمانیی ڕوسیای هەیە.

دوو سەرچاوەی ئاگادار بە تۆڕەكەیان ڕاگەیاندووە، ئۆكرانیا داوای، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەكی دژە كەشتی و ئامێری پارازایت (تشویش)ی ئەلیكترۆنیی ئامادەكراو بۆ بەكارهێنان و مووشەكی زەوی بە ئاسمان كە بتوانرێت بۆ لێدانی فرۆكە لە بەرزی زۆرەوە بەكاربهێنریت، لە ئیدارەی بایدن كردووە.

چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان هاوكاریی نوێ بە بەهای 800 ملیۆن دۆلار پێشكەشی ئۆكرانیا بكات، بۆ پشتگیریكردنی لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی ڕوسیا كە گەمارۆی شارە سەرەكییەكانی داوە.

ئەو هاوكارییە نوێیە بڕیارە ئەمڕۆ جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لەرێی وتارێكی ڤیدیۆییەوە بە ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی، هاوتا ئۆكرانییەكەی لەبەردەم كۆنگرێسی ئەمریكادا ڕابگەیەندرێت.

بابەتی پێشتر

دابەشكردنی بەنزینە عێراقییەكە دەكرێتە پسووڵە و خزمەتكردنی هەڵەبجەش درایە لیژنە

بابەتی دواتر

بەرشلۆنە چاودێریی پێنج یاریزانی ئەیاکس دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share