ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دانانی کامێراکانی چاودێریی تیژڕەوی ڕەتکردەوە

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی بۆ بڕیاردان سەبارەت بە کامێراکانی چاودێریی هاتوچۆ “پۆینت بۆ پۆینت” ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەدا دانانی ئەو سیستمەیان بە زۆرینەی دەنگ ڕەتکردەوە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئازاد حەمە ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیارماندا بە ڕەتکردنەوەی دانانی کامێراکانی چاودێری بەو سیستمە نوێیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکان پێویستە پابەندبن بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نەک ئەو بڕیارەی دراوە بۆ دانانی ئەو کامێرایانە.

بەپێی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، داواکاری گشتی بەر لە چەند مانگێک نوسراوی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و پێیڕاگەیاندوون، کە بڕیاری دانانی ئەو سیستمی چاودێرییە نایاساییە، بەڵام تا ئێستا وەڵامی داواکاری گشتی نەدراوەتەوە.

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داواکاریی ئاراستەی داواکاری گشتی و پەرلەمانی کوردستان کردووە بۆئەوەی کاربکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە، “کە گرێبەستەکەش هەڵوەشێندرایەوە جارێکی دیکە ڕێگە بە وەزارەتی ناوخۆ یان هیچ لایەنێکی دیکە نادرێت گرێبەستی لەوجۆرە بکات کە لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییان نەبێت”.

ئازاد حەمە ئەمین باسی لەوەکرد، کە ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریانداوە کە سکاڵا لەسەر وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم تۆماربکەن.

لایەنی یەکەمی جێبەجێکاری بڕیارەکە پارێزگارە، ئەگەر پارێزگاریش بڕیارەکەی ئەنجومەن جێبەجێنەکات ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەر، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وای وت.

ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، گرێبەستی دانانی ئەو سیستمە چاودێرییەی هاتوچۆ نایاساییە، بۆیە هەر کەس و لایەنێک کردبێتی دەبێت بەرپرسیارێتییەکەشی لە ئەستۆ بگرێت.

بابەتی پێشتر

چێوەی هەماهەنگی گفتوگۆكانی لەگەڵ سەدر ڕادەگرێت و پەیامێكی ئاراستە دەكات

بابەتی دواتر

زڤیرێڤ بەشداریی کراوەی ئەمریکا ناکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share