ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوبەری گشتیی گومرگی هەرێم ئەمڕۆ سێشەممە 17ی تشرینی دووەم ئاشکرایکرد کە بڕیارەکەی مستەفا کازمی بۆ داخستنی دەروازە سنورییە نافەرمییەکان هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە و هیچ دەروازەیەکی نافەرمییش لە هەرێمدا نییە.
لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ساماڵ عەبدولڕەحمان وتی، “بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ داخستنی دەروازە سنورییە نافەرمییەکان، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، تەنها ئەو دەروازە نافەرمییانە دەگرێتەوە کە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدان، فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی بۆ ڕاسپێردراوە”.
ساماڵ عەبدولڕەحمان وتیشی، “لە هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک دەروازەی لاوەکی و نافەرمی بوونی نییە ئەوەی هەیە نۆ دەروازەیە چواریان دەروازەیان نێودەوڵەتیین و پێنجیان دەروازەی نانێودەوڵەتیین، ئەمانەش حکومەتی عێراق تیم و ستافی تایبەتمەندی بۆ ناردوون و بەدواداچوون کراوە بۆ کارەکانیان تەنها ماوەتەوە دانپیدانانیان بۆ بکرێت، بەڵام لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە فەرمی ناسێنراون”.
سەبارەت بە داهاتی دەروازەکان ساماڵ عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەکرد، بۆ داهاتی دەروازەکان مامەڵە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکرێت و سەرجەم داهاتەکانیش دەچێتەوە وەزارەتی دارایی و گەنجینەکانی حکومەتی هەرێم.
بەڕێوبەری گومرگی هەرێم باسی لە بوونی قاچاخچێتی کرد لە دەروازەکاندا و وتی، ئێستا سیستمی دەروازە سنورییەکان بە ئەلیکترۆنی کراوە و بەستراوەتەوە بە تۆڕێکی ئینتەرنێتی و راستەوخۆ بەستراوە بە سیستمی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگەوە، بۆیە هەموو ئەو کاڵا و بارانەی دێنە هەرێمەوە بەو سیستمە و بەشێوەیەکی ڕێکوپێک گومرگ دەکرێن، بەبێ دەستێوەردانی هیچ کەسێک.
“ئەوەشی لەدەرەوەی سیستمی گومرگییە ئەگەر دیاردەی قاچاخچێتی هەبێت ئەنجومەنی وەزیران لێی ئاگادارە و لە چارەسەرکردنی ئەو بابەتەدا کاردەکەن”، بەڕێوبەری گومرگی هەرێم وای وت.
لە كۆبوونەوەیەكدا دوێنێ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، “دەبێت دەروازە سنورییە نافەرمییەکان دابخرێن و ڕێگە نەدرێت چیتر زیان بە ئابوریی عێراق بگەیەندرێت لەو ڕێگەیەوە”.