مهسرور بارزانی، بەغداد بەوە تۆمەتبار دەكات كە کێشە و ئاستەنگی بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دروستدەكات و وەك پارێزگایەكیش مامەڵەی لەگەڵ ناكات، داوای قەرەبووش لە حكومەتی فیدراڵ دەكات.
مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێم پەیامێكی بۆ یادی 34 ساڵەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بڵاوكردەوە، دەڵێت، “پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و برینداران و زیانلێکەوتووانی کیمیابارانی هەڵەبجە و گشت قوربانییانی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دیکەی کوردستان بگرێتە ئەستۆ”.
گلەیی ئەوەشی هەیە، “ئەگەرچی چەند ساڵێکە هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بووەتە پارێزگا، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش، حکومەتی فیدراڵی لە ئاستی پێویستدا وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجەدا ناکات و ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی، کێشە و ئاستەنگی بۆ دروست دەکرێت”.
دهقی پهیامهكهی سەرۆكی حكومەتی هەرێم:
لە سی و چوارەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە لە لایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەو تاوانە دڕندانەیە دادەنوێنین و بەوپەڕی ڕێز و شکۆوە یادیان دەکەینەوە.
هەڵەبجە مەڵبەندێکی گرنگی ڕووناکبیری و زێدی چەندین شاعیر و نووسەر و زانا و دانا و عارفی ناودار و بەناوبانگی کوردستانە، پێگەیەکی گرنگی لە دڵ و دەروونی کوردستانیاندا هەیە و بووەتە یەکێک لە سیمبولە هەرە دیارەکانی قوربانیدانی گەلی کوردستان لەپێناو گەیشتن بە مافە ڕەواکانی، بۆیە لەم یادە خەمناکەدا، دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و برینداران و زیانلێکەوتووانی کیمیابارانی هەڵەبجە و گشت قوربانیانی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دیکەی کوردستان بگرێتە ئەستۆ و بەپێی ماددەی 132ی دەستوور قەرەبوویان بکاتەوە و ڕێز لە خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی خەڵکی هەڵەبجە بگرێت، بۆ ئەوەی خزمەتێکی شایستە پێشکەشی هاووڵاتییانی بەشمەینەتی ئەم شارە ئازیزەمان بکرێت.
ئەگەرچی چەند ساڵێکە هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بووەتە پارێزگا، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش، حکومەتی فیدراڵی لە ئاستی پێویستدا وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجەدا ناکات و ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی، کێشە و ئاستەنگی بۆ دروست دەکرێت.
بۆیە داوا لە بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی دەکەین لە زووترین کاتدا ئەو ڕێکارانە تەواو بکەن و چیتر ئەم بابەتە پشتگوێ نەخرێت. لە هەمانکاتدا حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە تەواوکردنی پێکهاتەی ئیداریی پارێزگای هەڵەبجە بە هێنانەکایەی ئەو دامەزراوانەی دیکەی پارێزگا کە ماون.
حکومەتی هەرێمی كوردستان، خۆی بە قەرزاری کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی کوردستان دەزانێت و ئەرکی لەپێشینەی حکومەتە کە خزمەتێکی شایستەی هەڵەبجە و دانیشتووانە خۆشەویستەکەی بکات.
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان