كۆمسیۆنی ئاوارە و پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاویكردووەتەوە دوو ملیۆن و 800 هەزار هاوڵاتی بەهۆی جەنگی ئۆكرانیاوە ئاوارەی وڵاتانی دراوسێیان بوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی كۆمسیۆنی ئاوارە و پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویكردووەتەوە یەك ملیۆن و 600 هەزار هاوڵاتیی نیشتەجێی ئۆكرانیا بەهۆی جەنگی وڵاتەكەوە چوونەتە خاكی پۆڵەندا، زیاتر لە 246 هەزار كەس چوونەتە مەجەڕ، 195 هەزار ڕوویان لە سلۆڤاكیا كردووە.
ئاماژە بەوەكراوە 105 هەزار هاوڵاتیی نیشتەجێی ئۆكرانیا چوونەتە ڕوسیا، 104 هەزاری دیكە بەرەو مۆلدۆڤا هەڵاتوون، زیاتر لە 84 هەزار هاوڵاتيی دیكەی نیشتەجێی ئۆكرانیا چوونەتە خاكی ڕۆمانیا و ژمارەی پەنابەرە ئۆكرانییەكان لە ئەوروپا زیاترە لە 304 هەزاركەس.
كۆمسیۆنەكە ئاشكرایكردووە، ژمارەی كوژراو و بریندارەكان لە ئۆكرانیا زیاترە لەو ژمارەیەی لە ئامارە ڕەسمییەكاندا تۆماردەكرێن و بڵاودەكرێنەوە.