مووچەی پەروەردە كەوتە دوای نەورۆز.. یەكێتیی مامۆستایان هەڵوێست وەردەگرێت

بەپێی خشتەی مووچەی وەزارەتی دارایی، دابەشكردنی مووچەی پەروەردە دەكەوێتە دوای پشووەكانی نەورۆزەوە، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستانیش دەڵێت، “ئەو هەنگاوە جۆرێكە لە بێبایەخكردنی مامۆستایان”، بۆیە هەڕەشەی هەڵوێستوەرگرتن دەكات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە یەكێك لە بانكەكانەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستا دراوە، سبەینێ مووچەی هێزەكانی 70 و 80ی پێشوەرگە دەدرێت، بۆ ڕۆژەكانی دیكەی ئەم هەفتەیەش مووچەی وەزارەتەكانی دارایی، ناوخۆ و شەهیدان و هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕەگەزنامە و زیندانیانی سیاسی دەدرێت.

بۆیە بەپێی خشتەكە، ئەم هەفتەیە مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەشناكرێت و پشووەكانی نەورۆزیش دەستپێدەكەن.

عەبدولواحید محەمەد، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بەپێی خشتەكەی وەزارەتی دارایی بێت، دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی پەروەردە دەكەوێتە دوای پشووەكانی نەورۆزەوە.

سەرۆكی یەكێتییەكە پێیوایە، “ئەو هەنگاوە جۆرێكە لە بێبایەخكردنی ڕۆڵی مامۆستایان وەك ئەوەی مامۆستایان هیچ ڕۆڵێكیان نەبێت، بۆیە بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت”.

بۆیە ئاشكرایكرد، “مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتیی مامۆستایان كۆدەبێتەوە و هەڵویستی خۆمان ڕادەگەیەنین”.

بابەتی پێشتر

کۆمپانیایەکی دیکە سزای چێڵسی-دا

بابەتی دواتر

لارسۆن هێرشی توندی کردەسەر لاپۆرتا و بەرشلۆنە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share