قائیمقامی شەنگال: پەكەكە شارەكەی چۆڵنەكردووە و هۆكاری كێشەیە

پیاوێكی بەتەمەنی ئێزدی لە شەنگال -2015

قائیمقامی شەنگال باس لەوە دەكات، بەهۆی بوونی پەكەكە لە شەنگال ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد لەبارەی شارەكەوە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە “ئەوەش بووەتە لەمپەر لە بەردەمە گەڕانەوەی ئێزدییەكان بۆ زێدی خۆیان”.

مەحما خەلیل، قائیمقامی شەنگال بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “هەتا ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغداد لەبارەی شەنگالەوە نەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە ئاوارەكانی شەنگال ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان”.

سەبارەت بە هۆكاری جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنەكە مەحما خەلیل ئاشكرایكرد، “ئەو كێشەیەی لە بەردەم جێبەجێنەبوونی ڕێككەوتنەكەدایە، بوونی هێزەكانی پەكەكە و گروپەكانی سەربە پەكەكەن”.

قائیمقامی شەنگال ئەوەشی خستەڕوو، “ئاوارەكانی شەنگال ناگەڕێنەوە نا ئەو هێزانەی لە شەنگال چۆڵی نەكەن، چونكە بارودۆخی ئەمنی جێگیر نییە، تەنانەت چەندین خێزان داوایانكردووە شەنگال جێبهێڵن و بێنە شارەكانی هەرێمی كوردستان”.

حكومەتی عێراق بەرامبەر ئێزدییەكان كەمتەرخەمیی گەورەی نواندووە

ئەمڕۆ دووشەممە 4ی كانونی دووەم، ژنێكی خەڵكی شەنگال بە ناوی ئەسمەھان خدر، كە تەمەنی 20 ساڵ بووە، لە كامپی ئێسیان لە قەزای شێخان كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەوەش ئاشكراكراوە، ئەو ژنە بە هەڵواسراوی لە خێوەتەكەی خۆیدا دۆزراوەتەوە.

وێنەی ئەو ژنە ئێزدییە 20 ساڵەی كە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە

مەحما خەلیل لەبارەی ئەو ڕوداوە ئەوەی ئاشكراكرد، “ئەو حاڵەتانە دووبارە دەبنەوە بەهۆی ئەوەی كچانی ئێزدی لە بارودۆخێكی دەروونی خراپدان و پێویستیان بە چارەسەر هەیە”.

قائیمقامی شەنگال حكومەتی عێراق بە كەمتەرخەم دەزانێت و وتی، “بە ڕاستی حكومەتی عێراقی بەرامبەر ئێزدییەكان كەمتەرخەمیی گەورەی نواندووە، هیچ بەدەمەوچوونێكی نییە بۆ كێشەكانیان”.

بەگوێرەی ئەو داتایانەی مەحما خەلیل خستییەڕوو، لە ئێستادا نزیكەی 300 هەزار ئێزدی لە دەرەوەی شەنگال ژین بەسەر دەبەن و نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

ئەوەش لەكاتێكدایە، تەحسین خەفاجی، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، 3ی کانونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیی ڕاگەیاندبوو، “ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵدا کراوە تیایدا هاتووە، هێزە فیدراڵییەکان هەڵدەستن بە پاراستنی ئاسایش و خاکی شەنگال”.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، “پۆلیسی ناوخۆیی لە شارەکەدا بڵاودەکرێنەوە، پۆلیسی فیدراڵی و پاسەوانانی سنوور لە دەرەوەی قەزاکە دەبن بۆ پاراستنی سنووری عێراق و سوریا، جەختیشیکردەوە سەرجەم هێزە چەکدارە نافەرمییەکان قەزاکەیان چۆڵکردووە”.

بابەتی پێشتر

ڕەگەزنامەی سلێمانی ئاگادارییەك بڵاودەكاتەوە

بابەتی دواتر

‘ئەمساڵ پێنج یاسای گرنگ لە عێراق دادەنرێن’

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دانا عەبدولكەریم: ئەگەر گرفتی دارایی دروست نەبێت تا كۆتایی ئەمساڵ رێگای كەلار – دەربەندیخان تەواودەكرێت

وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئەگەر گرفتی دارایی دروست نەبێت تا كۆتایی ئەمساڵ رێگای سەرەكیی كەلار – دەربەندیخان تەواودەكرێت.…
Total
0
Share