چوارەمین خوولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەهار لە سلێمانی دەستیپێكرد، نزیکەی 200 کۆمپانیا و کارگەی ناوخۆیی و دەرەکی لەم خوولەی فێستیڤاڵەكەدا بەشدارن.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەهاری ئەمساڵ لە سلێمانی زیاتر گرنگی بە بەرهەمە خۆماڵییەكان داوە، لەم خوولەدا 65%ی بەشداربووان لە ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوەن و 35%یان لە وڵاتانی ئێران، سوریا، تورکیا و ئەڵمانیاوە هاتوون بۆ بەشداریكردن لە فێستیڤاڵەكەدا.
فێستیڤاڵەكە لە بینای پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە تاسڵوجە بەڕێوەدەچێت و ماوەی هەشت ڕۆژ بەردەوامدەبێت و پێشوازی لە میوانان و سەردانیكەرانی دەكات.