بانکی ناوەندیی عێراق گەرەنتی دەداتە هاوڵاتییان

بانکی ناوەندیی عێراق روونکردنەوەیەکی لەسەر چاوپێکەوتنی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی وەبەرهێنان و حەواڵەی دەرەوەی عێراق لە رۆیتەرز بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “گەرەنتی دانانی دۆلار دەکەین لە بانکەکاندا”.

سەبارەت بە چاوپێکەوتنێکی مازن سەباح ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنان و گواستنەوەی دەرەوەی عێراق، بانکی ناوەندیی دەڵێت، “ئەو ئاژانسە ورد نەبووە لە داڕشتنەوەی قسەکانی مازن سەباح و بە شێوەیەکی نادروست راپۆرتەکەیان نووسیوە”.

هەربۆیە بانکی ناوەندیی جەخت لەوە دەکاتەوە، “گەرەنتی دانانی دۆلار دەکەین لە بانکەکانی عێراق، ئەو هاوڵاتییەی پێشتر یان لە ساڵی 2024 پارەکەی بە دۆلار لە هەر بانکێک دانابێت، مافی سروشتی خۆیەتی ئەو بڕە پارەیە بە شێوەی نەختینە و بە دۆلاری ئەمریکی وەربگرێتەوە”.

دەشڵێت، “لە چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانییەکەدا هیچ ئاماژەیەک بەو پێشبینیانە نەکراوە کە نرخی دۆلار دەگاتە هەزار و 700 دینار، بانکی ناوەندی رێگای تایبەتی خۆی هەیە کە بەکاریدەهێنێت بۆ کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان نرخی دۆلار و دینار”.

بانکی ناوەندی هاوڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە و ئەوە دەخاتەڕوو، “ئەو ڕاگەیاندنەی کە دەڵێت بەرواری 1ی کانوونی دووەمی 2024 دەبێتە سەرەتای ڕاگرتنی پارەی نەختینەیی، ئەو حەواڵانە دەگرێتەوە کە تەنها لە دەرەوەی عێراقەوە وەرگیراون بەپێی هەندێک ڕێکخستن، بە هیچ شێوەیەک باڵانسی هاوڵاتییان بە دۆلاری ئەمریکی ناگرێتەوە”.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز، مازن سەباح ئەحمەد چەند لێدوانێکی سەبارەت بە نەمانی دۆلار لە بانکە عێراقیەکان و نرخی ئاڵوگۆڕی دراو خستبووەڕوو کە نیگەرانی لەلای هاوڵاتییان دروستکردبوو.

بابەتی پێشتر

خوێندنگەیەك لە سلێمانی لەسەر ئاستی هەرێم پلەی دووەمی بەدەستهێنا

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ كونسوڵی گشتیی ئەرمینیا لە هەرێم كۆبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share