عێراق و چین ئامادەكاری بۆ واژووكردنی گرێبەستێكی نەوتیی ‘دەگمەن’ دەكەن

نەوتهەڵگرەكانی نەوتی خاوی عێراق لەنزیك بەندەری بەسڕە

عێراق ئامادەكاری دەكات بۆ واژووكردنی گرێبەستێك بە ملیارەها دۆلار لەگەڵ كۆمپانیای چینخوا ئۆیل-ی چینی، كە بەپێی ناوەرۆكەكەی عێراق بڕێك پارەی پێشوەخت وەردەگرێت بۆ چارەسەری گرفتە داراییەكانی لەبەرامبەر پێدانی نەوت لە درێژ مەودادا.

ئاژانسی بلۆمبێرگ ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی كانونی یەكەم بڵاویكردەوە، گرێبەستەكە نوێترین نمونەی قەرزی چین-ە، لەڕێی كۆمپانیا بازرگانی و ئەو بانكانەی لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدان، بۆ وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت ئەوانەی لەژێر فشاری ئابورییدان وەك ئەنگۆلا و فەنزوێلا و ئیكوادۆر، لە بەرامبەر پێدانی نەوت.

هەر ئەمڕۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، كۆمپانیای چینخوا ئۆیلی تایبەت بە بازرگانیی نەوتی حكومەتی چین لە پێشینەی كێبڕكێكاراندایە بۆ پارەدانی پێشوەخت لەبەرامبەر وەرگرتنی نەوتی خاوی عێراق بۆ ماوەی پێنج ساڵ.

سەرچاوەكە ئەوەشی وت، كۆمپانیاكە “دەرخستەیەكی كێبڕكێكارانەی” وای پێشكەشكردووە كە بووەتە مایەی سەرسامی كۆمپانیا نەوتییەكانی جیهان و بازرگان و كۆمپانیاكانی چین و هندستان.

دوێنێ حەسەن نازم، وتەبێژ بەناوی حكومەتی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وتی، وەزارەتی نەوت تاوتوێی ئەو دەرخستانە دەكات كە لەلایەن كۆمپانیاكانەوە تایبەت بە پارەدانی پێشوەخت پێشكەشكراوە.

ئەو كۆمپانیایەی گرێبەستەكەی بۆ دەردەچێت نزیكەی 2.5 ملیار دۆلار دەداتە كۆمپانیای نیشتمانی عێراق بۆ بە بازاڕكردنی نه‌وت (سۆمۆ) لە بەرامبەر 48 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە ماوەی نێوان تەموزی 2021 تا 30ی حوزەیرانی 2022.

بەپێی بلۆمبێرگ پێویستە ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر دەرخستەكە بكەن.

بەپێی ئەو مەرجانەی مانگی ڕابردوو سۆمۆ ئاراستەی كۆمپانیاكانی نەوتی كردووە، ئەو كۆمپانیایەی گرێبەستەكە دەكات مانگانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت، یان نزیكەی 130 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی پێدەدرێت.

بڕیارە گرێبەستەكە بۆ ماوەی پێنج ساڵ بێت، بەڵام پارەدانە پێشوەختەكە بۆ تەنها ساڵێك دەبێت.

بلۆمبێرگ گرێبەستەكەی بە “دەگمەن” ناوبردووە، كە لەپێشتردا بەغداد هیچ گرێبەستێكی پارەدانی پێشوەختی ئەنجامنەداوە، بەپێچەوانەی حكومەتی هەرێم كە لە ڕابردوودا گرێبەستی لەو جۆرەی كردووە، وەك ئەوەی سایتەكە ئاماژەی پێداوە.

لایەنێكی دیكەی دەگمەنی گرێبەستەكە ئەوەیە ڕێگە بە كۆمپانیای گرێبەست لەگەڵكراو دەكات نەوتەكە بۆ هەر جێیەكی ویستراو بگوازرێتەوە، لەكاتێكدا نەوتی خاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەرجی توندوتۆڵ دەفرۆشرێت لەوانەی ڕێگەدەگرێت لە بازرگان و پاڵاوتگەكان لە دووبارە فرۆشتنەوەی بە ناوچە جیاوازەكان.

بەهۆی داڕمانی نرخی نەوت لەمساڵدا لە ئاكامی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا وڵاتە سەرەكییەكانی وەبەرهێنی نەوت زەرەرمەندبوون، بەڵام عێراق كە بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت بۆ پڕكردنەوەی داهاتەكەی بەراورد بە وڵاتانی دیكەی هەناردەكاری نەوت (ئۆپیك) ڕوبەڕووی دژواری زیاتر بووەوە.

ڕێككەوتنەكەی سەردەمی عەبدولمەهدی
ڕێککەوتننامەی ئابوری نێوان عێراق و چین لە ئەیلولی ساڵی 2019 لە سەردەمی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی واژۆکرا، کە بەپێی ناوەرۆكەكەی پرۆژەی ستراتیژی لە بوارەکانی ژێرخانی ئابوری لە عێراق جێبەجێ دەکات، کە لەبەرانبەر ئەوە دەبێت عێراق نەوتی خاو بداتە بەو وڵاتە.

بەڵام بەپێی وتەی هەندێك لە شارەزایان ڕووكردنە چین و ئەنجامدانی ئەو گرێبەستە زەبەلاحانە لەلایەن حكومەتی پێشووی عێراق و پشتگوێخستنی كۆمپانیا ئەمریكییەكان، یەكێك لە هۆكار و پاڵنەرەكانی كەوتنی كابینەكەی عەبدولمەهدی بوون لە پاش ئەو خۆپیشاندانانەی لە تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو دەستیانپێكرد.

پرسیارەكە ئەوەیە فرۆشتنی نەوت بە گرێبەستێكی پێنج ساڵە بە كۆمپانیایەكی سەر بە حكومەتی چین، ئایا كاردانەوەی هاوشێوەی لێدەكەوێتەوە یان نا؟

بابەتی پێشتر

خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ، چوارشەممە بەکاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی دواتر

"مباپێ حەزی بە یاریکردنە بۆ ڕیاڵ مەدرید و تینویەتی یاریزان لەهەموو شتێک گرنگترە"

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share