جەنگ، ئینتەرنێت دادەڕمێنێت؟
ڕوسیا و چین كار لەسەر هێڵی تایبەت بەخۆیان دەكەن

پردی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە دانیشتووانی جیهانی پێكەوە بەستووە لەبەردەم ئەگەری تێكداندایە

لەگەڵ بەردەوامیی شەڕ و ململانێكان سەبارەت بە ئۆكرانیا تۆڕەكانی ئینتەرنێت لەبەردەم ڕووداوی بێپێشینەدان، كە ئەگەری لەبەریەكهەڵوەشانی تۆڕی جاڵجاڵۆكەی جیهانی یەكێكیانە.

لەئێستادا گەورە كۆمپانیاكانی وەك میتا، گۆگڵ و ئەپڵ، كە تائێستا خۆیان وەك كۆمپانیای تەكنەلۆژی بێلایەن وێناكردووە، خزمەتگوزاری و بەرهەمەكانیان لە ڕوسیا هەڵپەساردووە وەك هەڵوێستێكی سیاسی لە وەڵامی شەڕی ئۆكرانیا.

لەم چێوەیەدا، تەنانەت خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت سەبارەت بە بەكارهێنەرانی ڕوسی لە گۆڕانكاریدایە -لەگەڵ قەدەغەكردنی تویتەر و فەیسبوك- و رێگەنەدان بە بە بەكارهێنەرانی ڕوس بە بڵاوكردنەوە لە تیك تۆكدا. بەپێی هەندێك لە ڕاپۆرتە میدیاییەكان پۆلیسی ڕوسی ڕێبوارانی شەقامەكان ڕادەگرێت بۆ چاودێریكردنی ئەوەی لەسەر شاشەی مۆبایلەكانیانەوە سەیری دەكەن.

لەئێستادا پرس و گومان هەیە لەوەی ململانێكان تەنها جوگرافیای جیهان ناگۆڕن، بەڵكو بەشێوەیەكی بنەڕەتی سروشتی ئینتەرنێتی جیهانیش دەگۆڕن.

بەمدواییە داوا لە دابینكەرانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە ڕوسیا كراوە جۆرە ڕوسییەكەی تۆڕەكە تاقیبكەنەوە.

حكومەتی ئۆكرانیاش داوای لە كۆمپانیا تەكنەلۆژییەكان كردووە خزمەتگوزارییەكانیان لە ڕوسیا قەدەغە بكەن.

لیستی كۆمپانیا تەكنەلۆژییەكان كە ئەنجامدانی كارە بازرگانییەكان یان فرۆشتنی بەرهەمەكانیان ڕاوەستاندووە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەزیادبووندایە.

ئێستا، سەرانی ئۆكرانیی شارەزا لە بواری تەكنەلۆژیا داوای شتێكی گەورەتر دەكەن، ئەویش دابڕاندنی ڕوسیایە لە تۆڕی ئینتەرنێتی جیهانی بەشێوەیەكی تەواوەتی، بەڵام ئەو داواكارییە بە ڕەتكردنەوەی تەواوەتی وەڵامدرایەوە لەلایەن ICANN (كۆمپانیای ئینتەرنێت بۆ ناو و ژمارە تەرخانكراوەكان)ی بەرپرس لە كۆنتڕۆڵی ئینتەرنێت.

دروشمی تۆڕەكە كە “یەك جیهان، یەك ئینتەرنێت”ە لە وەڵامی میخایلۆ ڤیدۆرۆڤ، جێگری سەرۆك وەزیرانی ئۆكرانیا، گوران ماربی، سەرۆكی جێبەجێكاری ICANN وتی، “لەنێو ئەركەكانماندا، ئەوەیە پارێزگاری لە بێلایەنی بكەین و پاڵپشتیی ئینتەرنێتی جیهانی بكەین، ئەركەكەمان ناگاتە ئەنجامدانی ڕێوشوێنی سزا یان دەركردنی سزا و سنووردانان لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەكە بۆ ناوچەكان، سەرەڕای ئەو گێچەڵانەی ڕوودەدەن”.

نمونە چینییەكەی ئینتەرنێت زۆر جیاوازە لەوەی لە ڕۆژئاوا دەیبینین
سەبارەت بە زۆر كەس، بانگەشەكانی پچڕانی ئینتەرنێت هەڵدێرێكی مەترسیدارە بە ئاراستەی ئەوەی ناودەبرێت بە Splinternet- لەكاتێكدا بەشێك لە وڵاتانی نمونەی جیاوازی ئینتەرنێتیان هەیە.

پێدەچێت دیواربەندی پارێزگاریی گەورە لە چین (كە تێكەڵەیەكە لە ڕێوشوێنی یاسایی و تەكنیكی كە چین دەیسەپێنێت بۆ ڕێكخستنی ئینتەرنێت لەناوخۆدا)، ڕوونترین نمونە بێت لەسەر چۆنیەتی هەوڵی دروستكردنی تۆڕی ئینتەرنێتی تایبەت بەخۆی لەلایەن وڵاتەكەوە.

لە ئێران بەشێوەیەكی سنووردار چاودێریی تۆڕەكە و زانیارییە دەرەكییەكان دەكرێت لەلایەن كۆمپانیاكانی پەیوەندی كە خاوەندارێتییەكەیان بۆ دەوڵەت دەگەڕێنەوە.

خودی ڕوسیا بۆ چەند ساڵێك تاقیكردنەوەی لەسەر تۆڕێكی ئینتەرنێتی تایبەت بەخۆی دەكرد، كە ناوی Runet لێنرابوو، سەرەڕای ئەوەی لەسەر ئەم ئینتەرنێتەی ئێستا پێكهێنراوە و وەك جۆرە چینییەكە نییە كە لە ئەلفەوە تا یا لەلایەن وڵاتەكەوە دروستكراوە.

لە ساڵی 2019دا، حكومەتی ڕوسیا ڕایگەیاند، سیستمەكەی بە سەركەوتوویی تاقیكردووەتەوە.

پڕۆفیسۆر ئالان وودوارد، زانای كۆمپیوتەر لە زانكۆی سریی بەریتانی ڕایگەیاند، كەمێك لە خەڵكی ئەوكات دركیان بە پێویستییەكەی كرد، بەڵام ئێستا، لەسایەی شەڕی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا، پرسەكە زیاتر لۆژیكی دەردەكەوێت.

لە تاقیكردنەوەكەدا، داوا لە دابینكەرانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە ڕوسیا كرا ئینتەرنێتەكە بەشێوەیەكی كاریگەر لە سنوورەكانیاندا ئامادەبكەن وەك ئەوەی تۆڕێكی ئینتەرنێتی گەورە بێت- تۆڕێكی تایبەت بە سایتەكان كە ناچێتە جیهانی دەرەوە.

لەئێستادا پێدەچێت ڕوسییا جارێكی دیكە تاقیكردنەوە بۆ سیستمەكە بكات، لە یاداشتێكی حكومەتی ڕوسیادا داوا لە دابینكەرانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت كراوە كۆنتڕۆڵی ئاسایشی خۆیان بكەن و پەیوەندی بە خزمەتگوزاریی سیستمی (DNS) لە ڕوسیادا بكەن.

هەندێك پێیانوایە یاداشتەكە و وادەی كۆتاییهاتنی تاقیكردنەوەكە لە 11ی ئازار نیشانیدەدەن ڕوسیا دەیەوێت بەزوویی خۆی لەو جیهانە داببڕێنێت.

بەڵام ڕوسیا ئەوكات ڕەتیكردەوە كە خۆی لە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی جیهانی دابڕێنێت و وتی، تاقیكردنەوەكە پەیوەندیدارە بە پارێزگاری لە سایتە ئەلیكترۆنییە ڕوسییەكان لە هێرشە ئەلیكترۆنییە بیانییەكان.

جیمس گریڤیس، نوسەری كتێبی (The Great Firewall) لە چین پێیوایە دەشێت سیستمەكە لەهەر كاتێكدا بێت كارابكرێت، “بڕینی ئینتەرنێت و، دڵنیابوونەوەی ئەوەی ڕوسەكان ئەو ناوەرۆكە بەكاردەهێنن كە تەنها كرملین ڕەزامەندی لەسەر نیشاندەدات، ئەم جۆرە كارە، لە ڕووی ستراتیژەوە لۆژیكییە”.

وتیشی، “سەرسام نابم ئەگەر بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە لە هەفتە یان مانگەكانی داهاتوودا”.

هاوكات ئەبشۆر براكاش، نوسەری كتێبی (چۆن تەكنەلۆژیا پێكهاتەی جیهانگیری دادەڕێژێتەوە) دەڵێت، ململانێكە ئینتەرنێت لە “سیستمی جیهانی كە سەرجەم جیهان پێوەی پەیوەندن” بۆ هۆكارێكی زیاتر دابەشبوون دەگۆڕێت.

“بەهۆی جوگرافیای سیاسییەوە، داڕشتەیەكی جیاوازی ئینتەرنێت دەردەكەوێت، بەجۆرێك وڵاتان یان دادەبڕێن یان كار لەسەر پەرەپێدانی جێگرەوەی تایبەت بەخۆیان دەكەن. دەبێتە هۆی تێكدانی پردە جیهانییەكانی وەك پێگەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە چەند دەیەیەك دانیشتوانی پێكەوە بەستەوە”.

بەپێی جەیمس گریڤیس، میحوەری نوێی هێزی ئینتەرنێت لە نێوان ڕۆژئاوا و چین و، ڕۆژئاوا و ڕوسیادا دابەشدەبێت.

بابەتی پێشتر

مانگێكی دەستكردی كۆریای باكوور نهێنییەكانی سوپای ئەمریكا هەڵدەماڵێت

بابەتی دواتر

كه‌شناسیی هه‌رێم: سبه‌ینێ نمه‌باران ده‌بێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

یەكێتی و پارتی لەبارەی پۆستەكانەوە لێكتێگەیشتنیان هەیە
ئەندامێكی شاندە هاوبەشەكە: پێكهێنانی حكومەت دوادەكەوێت

ئەندامێكی شاندە هاوبەشەكەی یەكێتی و پارتی پێشبینی دەكات پێكهێنانی حكومەتی ‏داهاتووی عێراق دوابكەوێت، دەشڵێت، یەكێتی و پارتی لەبارەی…
Total
0
Share