یانەکانی ئەی سی میلانی ئیتاڵی و ئارسیناڵی ئینگلیزی هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی گەوهەرێکی هەنگاری دەستپێکردووە.
دۆمینیک سوبۆزلای لاوێکی بەهرەداری هەنگارییە، لە پێگەی ناوەندی هێرشبەری بۆ یانەی ڕێدبول سالزبۆرگی نەمسایی یاریدەکات، خاوەنی خەسڵەتەکانی خێرایی و بەهرەی لێسەندن و ڕخساندنی گۆڵە، لەکۆی 74 یاری لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتیەکان 22 گۆڵی تۆمارکردووە و 33 گۆڵی بۆ یاریزانانی دیکە ڕەخساندووە.
سەرەڕای ئەوەی لە پێگەی ناوەند یاریدەکات، بەڵام میدیاکانی هەنگاریا بە جێنشینی فێرینس پوشکاشی ئەفسانەی وڵاتەکە ناویدەبەن و نرخی گواستنەوەی لە ترانسفێر مارکتەوە بە 25 ملیۆن یورۆ خەمڵێنراوە.
سوبۆزلای توانای یاریکردنی لە پێگەکانی باڵی چەپ و سەنتەر و ناوەندی بەرگریدا هەیە و بە نسبەت ڕاهێنەرانەوە یاریزانێکی هەمەجۆرە و لە هەموو پلانەکاندا سوود دەگەیەنێت.
گهوههره 20 ساڵەکە داواکراوی چەندین یانەی وەک چێڵسی و یونایتد و لیڤەرپوڵە، بەڵام ماڵپەڕی یورۆ سپۆرت دووپاتیدەکاتەوە، یانەکانی ئارسیناڵ و ئەی سی میلان دانوستاندنیان بۆ گواستنەوەی دەستپێکردووە و پێش ڕکابەرانیان کەوتوون، بە دووریش نازانرێت بەهۆی بوونی ئێرلینگ هالاند لە یانەی بوروسیا دۆرتمۆند کە هاوڕێی پێشووی سوبۆزلایە، یانە ئەڵمانییەکە بچێتە ناو هاوکێشەکە و ململانێی دوو زەبەلاحەکەی دیکە بکات.