وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویكردەوە، لە ماوەی هەشت ڕۆژی ڕابردوودا 559 هاوڵاتیی عێراقیی نیشتەجێی ئۆكرانیا چوونەتە خاكی پۆڵەنداوە.
ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، لە 24ی شوباتی 2022، (دەستپێكی هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا)، تاوەكو ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی ئازاری 2022، نزیكەی 559 هاوڵاتیی عێراقیی نیشتەجێی ئۆكرانیا چوونەتە خاكی پۆڵەنداوە.
سەحاف، ئاماژەی بەوەكرد، “لەگەڵ چەند باڵیۆزخانەیەك لە پەیوەندیی بەردەوامداین و ئاسانكاریی بۆ هاوڵاتیانی عێراقیی نیشتەجێی ئۆكرانیا دەكەین، كە لەو وڵاتە دەربازیان بێت”.
دیار نییە لەو ژمارە عێراقییەی كە گەیشتوونەتە پۆڵەندا، چەندیان كوردی باشووری كوردستانن.
پێنجشەممەی ڕابردوو شەڕو هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا دەستیپێكرد و تائێستا بەردەوامە.
پێشتر یەكێك لە خوێندكارانی كورد، كە لە ئۆكرانیا دەخوێنێت، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا كرد، نەیشاردەوە، كە بە زەحمەت توانیویانە بگەنە سنوورەكانی نێوان ئۆكرانیا و پۆڵەندا، ئەمە جگە لەوەی ڕەخنەی لە بەدەنگەوەنەهاتنی حكومەتی هەرێم و نوێنەرایەتییەكەی لە ئۆكرانیا و هەروەها باڵیۆزخانەی عێراق هەبوو، كە یارمەتییان نەداون.