سەرۆك كۆمار مەرسومی لێخۆشبوون لە زیندانییەك ڕادەگرێت

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق

وتەبێژێك لە سەرۆكایەتیی كۆمار دەڵێت، پاش پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە تایبەت بە هەردوو مەرسومی كۆماری ژمارە (1 و 2) سه‌رۆك كۆمار فرمانێكی به‌ په‌له‌ی ده‌ركردووه‌ بۆ وه‌ستاندنی هه‌ردوو مه‌رسومه‌كه‌، كە تایبەتن بە لێخۆشبوون لە تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر.

وتەبێژێك لە سەرۆكایەتیی كۆمار ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، ئه‌مڕۆ د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق كۆبوونه‌وه‌یه‌كی بەپه‌له‌ی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌ هه‌ردوو مه‌رسومی كۆماری ژماره‌ (1، 2) ئه‌نجامدا كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی كۆماره‌وه‌ پێكهێنراوه، ئه‌مه‌ش‌ به‌ مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ورده‌كاری ناوه‌رۆكی هه‌ردوو مه‌رسومه‌كه‌ له‌ سایه‌ی بنه‌ما یاساییه‌ كارپێكراوه‌كانی‌ ده‌ركردنی فەرمانه‌كانی لێخۆشبوونی تایبه‌ت و ئه‌و ڕێوشوێنه‌ یاساییانه‌ش كه‌ له‌و پرسه‌دا له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ په‌یڕه‌وكراون.

دەشڵێت، لەم سۆنگەیەوە، سه‌رۆك كۆمار فەرمانێكی به‌ په‌له‌ی ده‌ركردووه‌ بۆ وه‌ستاندنی هه‌ردوو مه‌رسومه‌كه‌ و ده‌زگا دادوه‌رییه‌كانیشی ڕاسپاردووه‌ كه‌ ڕێوشوێنی پێویست بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ وورده‌كاری ئه‌و پرسه‌ بگرنه‌به‌ر. هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردوو مه‌رسومه‌كه‌ له‌ ڕووی شكلییه‌وه‌ به‌ گوێڕه‌ی ڕێوشوێنه‌ یاسایی و ده‌ستورییه‌كان ده‌ركراون، به‌ڵام له‌ ڕووی بابه‌تییه‌وه‌ فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار پابه‌ندنه‌بوون به‌و ڕێوشوێنه‌ توندوتۆڵانه‌ی له‌ سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار په‌یڕه‌وده‌كرێن له‌ به‌دواداچوون بۆ پرسی ده‌ركردنی لێخۆشبوونی تایبه‌ت.

“سه‌رۆك كۆمار فەرمانیشی كردووه‌ لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ به‌زووترین كات كاره‌كانی خۆیان ته‌واوبكه‌ن و ئه‌نجامه‌كه‌شی بخه‌نه‌ به‌رده‌ستی به‌رێزیان به‌ مه‌به‌ستی لێپێچینه‌وه‌ له‌و كه‌سانه‌ی كه‌مته‌رخه‌مبوون، تاوه‌كو گه‌ره‌نتی ئه‌وه‌ بكرێت له‌ ئاینده‌دا ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ دووباره‌ نه‌بنه‌وه. هه‌روه‌ها به‌ڕێزیان ‌فەرمانی به‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی داد و ناوخۆ كردووه‌ كه‌ تاوانباران ده‌ستگیربكه‌ن و له‌ دامه‌زراوه‌ چاكسازییه‌كانی ده‌وڵه‌تدا به‌ند بكرێن” وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە.

ڕوونیشیدەكاتەوە، سه‌رۆك كۆمار جه‌ختی له‌وه‌ش كردۆته‌وه‌ كه‌ زۆر پێویسته‌ به‌ ووردی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ تاوانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان بكرێت كه‌ كاریگه‌ری مه‌ترسیداریان هه‌یه‌ بۆسه‌ر كۆمه‌ڵگەی عێراقی، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی دووپاتكردووەته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ فەرمانی لێخۆشبوونی تایبه‌ت ئه‌و ئامانجه‌ بپێكێت كه‌ له‌ پێناویدا ده‌ركراوه، ئه‌م فەرمانه‌ تایبه‌ته‌ له‌پێناو‌ پراكتیزه‌كردنی بنه‌ماییه‌كی مرۆییه‌ و ته‌نها هه‌ندێك له‌ به‌ندییه‌كان لێی سودمه‌ندده‌بن، ئه‌مه‌ش به‌ مه‌به‌ستی هه‌ڵگرتنی ئه‌و سته‌مه‌ی به‌هۆی باردۆخی ناهه‌مواری ژیان تووشی ده‌بن، یان هه‌ل و ده‌رفه‌تێكی تازه‌ به‌و كه‌سانه‌ ببه‌خشێت كه‌ به‌هۆی دۆخی ناهه‌مواری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری سه‌خت و دژواره‌وه‌ فریودراون و له‌ تاوانه‌وه‌ گلاون، یان بۆ ئه‌و ژنان و نه‌وجه‌وانانه‌یه‌ كه‌ حوكمه‌كانیان قورس نین و لێخۆشبوونیان پێچه‌وانه‌ی دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی عێراقی ڕه‌سه‌ن نییه‌‌.

وتەبێژەكە ئه‌وه‌شی دووپاتكردەوه‌‌، “له‌ سایه‌ی هیچ بارودۆخێكدا سه‌رۆك كۆمار خه‌مساردنه‌بووه‌ و خه‌مساردیش نابێت له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گرفته‌ گه‌وره‌ مه‌ترسیداره‌كه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و بازرگانی پێوه‌كردن و لێپێچینه‌وه‌ له‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و تاوانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌وپێیه‌ی‌ ئه‌م تاوانه‌ ئاسایش و سه‌قامگیری و سه‌لامه‌تی كۆمه‌ڵگە ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. هاوكات سووربوون و پێداگری خۆی دووپاتكرده‌‌وه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌میشه‌ بوێرانه‌ و بێ دوودڵی و بێ سڵكردنه‌وه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ر مه‌رسومێكی سه‌رۆكایه‌تی كه‌ گومانی ئه‌وه‌ی لێبكرێت كه‌موكورتی تێدایه‌ و پێچه‌وانه‌ی یاسا كارپێكراوه‌كانه‌، چونكه‌‌ ئاسایش و سه‌قامگیری كۆمه‌ڵگە له‌ سه‌رووی هه‌موو شتێكی دیكه‌وه‌یه‌”.

هاوكات سه‌رۆك كۆمار ڕێز و پێزانینی زۆری خۆی نیشانداوە بۆ “ئه‌و ده‌نگه‌ دلێر و نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ی له‌ ڕێگه‌ی‌ ڕای گشتی و ئه‌نجامدانی چالاكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ هه‌ڵوێستی نیشتمانپه‌روه‌ری خۆیان ده‌ربڕیووه‌ و له‌ خه‌می ئه‌و پرسه‌دا بوون، ئه‌و چه‌شنه‌ هه‌ڵوێسته‌ نیشانه‌ی په‌رۆشی و خه‌مخۆری و ئاستێكی به‌رزی نیشتمانپه‌روه‌رییه‌”.

بابەتی پێشتر

ئاگر لە باڵەخانەیەكی نیشتەجێبوون لە سلێمانی كەوتەوە

بابەتی دواتر

ئەنجامی دانوستانەكانی نێوان ڕوسیا و ئۆكرانیا ڕاگەیەنرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

زانكۆی راپەڕین و چەند زانكۆیەكی دیكە بەهەمیشەیی خرانەناو لیستی ڕێبەری زانكۆ باوەڕ پێكراوەكانی عێراقەوە

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری دان پێدانانی هەمیشەیی بە زانكۆی راپەڕین و چەند زانكۆیەكی…
Total
0
Share