سەرۆكی ئۆكرانیا: ڕوسیا دەیەوێت من بكوژێت و دوژمن لەناو پایتەختە

سەرۆكی ئۆكرانیا دەڵێت، “ڕوسیا بە پلەی یەكەم دەیەوێت من لەناوببات و خێزانەكەم لە پلەی دووەمدان”. وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش هۆشداری دەدات: “مووشەكبارانەكان ترسناكن و لە سەردەمی هیتلەرەوە شتی وامان نەدیوە”.

ئەمڕۆ هەینی ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا ڕایگەیاند، ڕوسیا بەبێ جیاكاری شوێنە سەربازی و مەدەنییەكان بۆردوماندەكات. لەكاتێكدا ڕوسیا باس لەوە دەكات كە تەنها بنكە و شوێنە سەربازییەكانی ئۆكرانیا بۆردوماندەكات.

زیلینسكی لە وتارێكی ڤیدیۆییدا وتی، “پێشڕەویی ئەو هێزانەی ڕوسیا كە هێرشیانكردووەتەسەر ئۆكرانیا لە زۆربەی ناوچەكاندا ڕاگیراوە. بەڵام زانیارییمان پێگەیشتووە كە چەند گروپێكی تێكدەری سەر بە دوژمن هاتوونەتە ناو كیێڤ”.

“ئامانجی ڕوسیا لەناوبردنی منە”

سەرۆكی ئۆكرانیا جەختیكردەوە كە ڕوسیا دەیەوێت لەڕێگەی لەناوبردنی سەرۆكی ئۆكرانیاوە، وڵاتەكە وێرانبكات و وتی، “دوژمن منی وەك ئامانجی یەكەم دەستنیشانكردووە، خێزانەكەشم وەك ئامانجی دووەم”. بێئومێدیی خۆیشی نیشاندا لە هەڵوێستی كۆمەڵی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە هێرشەكەی ڕوسیا و وتی، “جیهان لە دوورەوە بەردەوامدەبێت لە بینینی ئەوەی ئێستا لە ئۆکرانیا ڕوودەدات”.

ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی ئاماری قوربانییانی هێرشەكەی ڕوسیای ئاشكراكرد و ڕایگەیاند، لە هێرشەكەی دوێنێ پێنجشەممەدا 137 كەسی سەربازی و مەدەنی كوژراون.

زنجیرەیەك تەقینەوەی گەورە لە پایتەخت

بەپێی ئاژانسە نێودەوڵەتییەكانی هەواڵ كە لەناو ئۆكرانیاوە زانیارییەكان دەگوازنەوە، چەندین تەقینەوەی گەورە لە پایتەختی ئۆكرانیا ڕوویانداوە و بەشێك لە فڕۆكەخانەی كیێڤ بۆردومانكراوە. لەكاتێكدا هێزەكانی ئۆكرانیا توانیویانە فڕۆكەخانەی ئەنتۆنۆڤ كە 10 كیلۆمەتر لە پایتەختەوە دوورە، لە هێزەكانی ڕوسیا بەدەستبهێننەوە.

ئاژانسەكان پشتڕاستیدەكەنەوە كە ئەمڕۆ هەینی فڕۆكە جەنگییەكانی ڕوسیا بە ئاسمانی كیێڤ-ی پایتەختی ئۆكرانیادا دەسووڕێنەوە. میدیای فەرمیی ئۆكرانیاش دەڵێت، “ڕوسیا بە مووشەكی كروز و مووشەكی بالیستی هێرشدەكاتەسەر كیێڤ”.

“لە سەردەمی نازییەكانەوە شتی لەمشێوەیەمان نەبینیوە”

هاوكاتی پەرەسەندنەكانی شەڕ و وتارەكەی سەرۆكی ئۆكرانیا، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە هێرشەكەی ڕوسیای بە “ترسناك” ناوزەدكرد و بەوە پێناسەیكرد كە لە ساڵی 1941ـەوە ئۆكرانیا هێرشی لەو جۆرەی بەخۆیەوە نەبینیوە.

“مووشەكبارانەكان ترسناكن، بەڵام ئەم ئەهریمەنە تێكدەشكێنین”

دیمیترۆ كۆلیبا وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا وتی، “ڕوسیا ترسناكانە كیێڤ مووشەكباران دەكات”.

كۆلیبا لە تویتەر نووسیویەتی، “دوایین جار كە پایتەختەكەمان شتێكی لەم جۆرەی بەخۆیەوە بینی، ساڵی 1941 بوو كاتێك ئەڵمانیای نازی هێرشیكردەسەری، ئۆكرانیا ئەو ئەهریمەنەی تێكشكاند، ئەم ئەهریمەنەش تێكدەشكێنێت”.

دوێنێ پێنجشەممە دوای چەند مانگێك لە مشتومڕی نێوان ڕوسیا و خۆرئاوا لەبارەی بارودۆخی ئۆكرانیا و بڵاوبوونەوەی هێزی ناتۆ لە ناوچەكە و هەوڵدانی ئۆكرانیا بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ و ڕەوانەكردنی هێزی ڕوسی بۆسەر سنوورەكانی ئەو وڵاتە، سوپای ڕوسیا هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆسەر خاكی ئۆكرانیا بەرپاكرد و جەنگەكە لەلایەن ڕوسیاوە دەستپێكرا، بەڵام تا ئێستا ڕووننییە كە پەرەدەستێنێت بۆ جەنگێكی فراوانتر لەنێوان ڕوسیا و ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپادا یاخود نا، چونكە تا ئێستا خۆرئاوا سزای سیاسی و ئابوریی وەك كارتی فشار بەكاردەهێنێت و دەڵێت، هێزی سەربازی ڕەوانەی ئۆكرانیا ناكات.

بابەتی پێشتر

نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

بابەتی دواتر

هیومەن ڕایتس وۆچ: دادگاییكردنی ئەو ئەفسەرەی ڕۆژنامەوانە كوردەكەی ئەشكەنجەدا هەنگاوێكی دروستە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share