نوێنەری زیندانیانی بادینان: پێویستە حکومەتی ھەرێم بەچاوی دوژمن سەیری ئازادیخوازان نەکات

نوێنەری زیندانیانی بادینان پێشوازی لە بڕیاری كەمكردنەوەی سزای چالاكوانان دەكات داواش لە حكومەت دەكات “بەچاوی دوژمن سەیری كەسانی ئازادیخواز نەكات” و دەڵێت، بەرتەسکردنەوەی ئازادی بیروڕا و بەحزبیکردنی دەستەڵاتی دادوەری لێکەوتەی خراپی دەبێت و ناوبانگی ھەرێم ناشرینتر دەكات.

ئەیھان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان پەیامێكی دەربارەی کەمکردنەوەی سزای چالاكوانانی زیندانكراو بڵاوكرەدەوە و دەڵێت، خواستی ڕای گشتی و ئێمەش وەکو کەسوکاری زیندانیانی بادینان ئەوەبوو، ڕۆژنامەنوس و چالاکە مەدەنییەکانی بادینان بەپێی یاسا بێتاوان بناسرێن و پێشینەی تاوان لەسەریان نەمێنێت و ئازادبکرێن (بە دیدی ئێمە و ڕای گشتی ئەوان بێتاوان و زوڵملێکراون)، چونکە بێبەشکران لە مافی بینینی پارێزەران، کە دژی (اصول محاكمات جزائية)یە، بێ ھەبوونی بەڵگە ماددەی یاساییان لە یاسای ژمارە 35ی رۆژنامەگەری و یاسای ژمارە 11ی خۆپیشاندان گۆڕیویانە بۆ ماددەی 1ی ژمارە 21ی یاسای تێکدانی ئەمنی کە ھەمواری یاسای ژمارە 156ی سزادانی عێراقیە، تەنانەت ئەو نادادییە دژ بە ڕەچاوکردنی سادەترین بڕگەکانی یاسایی و بەندەکانی دەستوری عێراق و بگرە دژ بە (13) ماددەی جاڕنامەی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بوون.

دەشڵێت، “پێویستە لەمەودوا دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت، حکومەتی ھەرێمیش بە چاوی دوژمن سەیری کەسانی ئازادیخواز نەکات و وەکو سەرۆکایەتی ھەرێم ڕۆڵی ئیجابی ھەبێت، ئەم پرسە بە ڕق و تەحەدا وەرنەگرێت”.

نوێنەری زیندانیانی بادینان داواشدەكات هەمان بڕیار بۆ ئەو چالاک و ڕۆژنامەنوسە حوکمدراوانەی دیکەی بادینان دەربکرێت کە لەسەر ئازادی بیروڕا لە زیندانن، پرۆسەی دادگاییکردنی زیندانیانی شێلادزێش دەستپێبکرێت و ئازادبکرێن کە نزیكەی ساڵێک و سێ مانگە لە ئاسایشی گشتی دەستبەسەرن.

لە كۆتاییدا دووپاتیدەكاتەوە، “بەرتەسکردنەوەی ئازادیی بیروڕا و بەحزبیکردنی دەسەڵاتی دادوەری و بەکارھێنانی بۆ مەرامی سیاسی مەترسییە بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسی لە ھەرێمی کوردستان- عێراق، نەبوونی نەفەسی ئازادی، ئۆتۆماتیکی خەڵک بەرەو توندوتیژی ھاندەدەن و لێکەوتەی خراپی دەبێت و ناوبانگی ھەرێمەکەشمان ناشرینتر دەبێت و لە بەرژەوەندی ھیچ لایەنێکدا نیە”.

بە فەرمانی سەرۆكی هەرێم، سزای زیندانیكردنی پێنج چالاكوانە سزادراوەكەی بادینان كەمكرایەوە بەڕێژەی 60%، بەوپێیە بێت، نزیكەی شەش مانگی دیكە ئازاددەكرێن.

ئەو چالاكوانانەی فەرمانی سووككردنی سزاكان دەیانگرێتەوە، بریتین لە شێروان شێروانی، شڤان سەعيد، ئەیاز كەرەم، هاریوان عیسا و گوهدار حەمەدەمین، كە پێشتر سزای شەش ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنرابوو.

بابەتی پێشتر

شارەزایان هۆشداریدەدەن<br> سوتانی دارستانەكان بەڕێژەی 50% زیاددەكات

بابەتی دواتر

كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان: ڕێگری لە هەناردەکردنی مریشک بۆ خوارووی عێراق دەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كەسێك كەوتە بیرێكەوە و خنكا

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە كەسێكی تەمەن 38 ساڵ كە فەرمانبەربووە لە مەرزی باشماخ…
Total
0
Share