كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان: ڕێگری لە هەناردەکردنی مریشک بۆ خوارووی عێراق دەکرێت

کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ڕایدەگەیەنێت، چەند هێزێک بەبیانوی جیاواز ڕێگری لە هەناردەکردنی مریشک دەکەن بۆ خوارووی عێراق، داواشدەکات بەپەلە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنەسەرخەت.

نازم عەبدوڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ڕایگەیاند، لەلایەن هەندێك هێزی چەكدار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە “بیانوی نابەجێ” ڕێگریدەكرێت لە هەناردەكردنی بەرهەمی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سنووری (سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین) بۆ ناوچەكانی دیكەی عێراق.

ڕوونیشیكردەوە، بەهۆی گرانبوونی پێویستییەكانی بەخێوكردنی پەلەوەر کە ڕۆژ بەڕۆژ لە هەڵکشاندایە بەشێوەیەک تێچووی هەر کیلۆیەک گۆشتی مریشک زیاتر لە سێ هەزار دینارە، نرخیشی لە بازاڕدا کەمتر لە 2400 دینارە، بەوەش خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان بەردەوام لە زیاندان، ڕێگەگرتن لە هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان ئەرکیان قورستر دەکات.

سەرۆكی كۆمەڵەكە داواش لە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم و سەرجەم پەرلەمانتارانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات هەوڵی جدی بدەن بۆ کردنەوەی ئەو ڕێگایە بە داواکاری لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی فیدراڵی و هاندانی لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی نوێنەران.

بابەتی پێشتر

نوێنەری زیندانیانی بادینان: پێویستە حکومەتی ھەرێم بەچاوی دوژمن سەیری ئازادیخوازان نەکات

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) لوتکەی ئەتلەتی و یونایتد بە یەکسانبوون کۆتاییهات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share