چی ڕوسیای لە ئۆكرانیا و ناتۆ توڕە كردووە؟ بەڵگەنامەیەكی نهێنی لە ئەرشیفەوە ئاشكرایدەكات

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی (ئەڵمانیا، فەرەنسا، یەكێتیی سۆڤیەت، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەمریكا) لە 12ی ئەیلولی 1990

تادێت ئەگەرەكانی هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا ڕوو لە زیادبوون دەكەن، لەكاتێكدا هەوڵی پاوانخوازی بەهۆكاری پشت ئەو هەوڵانەی مۆسكۆ دادەنرێت، ناوەرۆكی بەڵگەنامەیەكی ئەرشیف و نهێنی كە بەمدواییە ئاشكراكرا پەردەی لەسەر ڕادەماڵێت و كاردانەوەش بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا هۆشداری لە ئەگەری داگیركردنی ئۆكرانیا لەلایەن ڕوسیاوە دەدەن.

بەمدواییەش لەگەڵ زیادبوونی بارگرژییەكان لە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا، كە هەردوو كۆماری دۆنیتسك و لۆگانسك لەخۆدەگرێت و یەكلایەنە ڕاگەیەندراون، ئەگەرەكان زیاتربوون.

ڕوسیا كە سەدان هەزار سەربازی لەسەر سنوورەكانی ئۆكرانیا كۆكردووەتەوە، تائێستا هەر هەوڵێك بۆ داگیركردنی ئەو وڵاتە ڕەتدەكاتەوە، بەڵام ناوەرۆكی بەڵگەنامەیەكی نهێنی كە لە ئەرشیفەوە هێندراوەتەوە و بەمدواییە ئاشكراكرا وێناكە ڕوونتردەكاتەوە.

بەڵگەنامەكە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1991 و لە ئەرشیفی نیشتمانیی بەریتانیا دۆزراوەتەوە، بەپێی ناوەرۆكەكەی وەك ئەوەی ڕۆژنامەی (شپیگڵ)ی ئەڵمانی بڵاویكردووەتەوە، وڵاتانی ڕۆژئاوا بەڵێنیانداوە فراوانبوونی هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی بەرەو ڕۆژهەڵات قبوڵنەكراوە.

ئاشكراكردنی بەڵگەنامەكە، كە پێشتر لە ڕیزبەندی “نهێنی”دا بووە، لەلایەن جۆشوا شیڤرینسۆن، پرۆفیسۆر لە زانكۆی بۆستن بووە.

تیایدا ئاماژە بۆ كۆبوونەوەی نوێنەری وەزارەتەكانی دەرەوەی (ویلایەتە یەكگرتووەكان، بەریتانیای عوزما، فەرەنسا و ئەڵمانیا) دەكات كە لە بۆن لە 6ی ئازاری 1991 گرێدراوە. كۆبوونەوەكە ئاسایشی پۆڵەندا و وڵاتانی دیكەی لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات تاوتوێكردووە.

ڕۆژنامەكە دەڵێت، بەڵگەنامەكە كە بەدوای كۆبوونەوەدا نوسراوە ئاماژە بەوەدەكات بەشداربووانی كۆبوونەوەكە ڕەزامەندییان دەربڕیووە بەوەی بەئەندامبوونی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات لە ناتۆدا “قبوڵنەكراوە”.

ئاتیلیۆ بۆرۆن، کۆمەڵناس و بیرمەندی سیاسیی مارکسیستی ئەرجەنتینی لەوبارەیەوە لە وتارێكدا دەڵێت، لەپاش لەبەریەکهەڵوەشانی یەکێتیی سۆڤیەت، سەران و سەرکردەکانی “دیموکراسییەکانی خۆرئاوا” دڵنیاییاندا بە میخائیل گورباچۆڤ، کە ناتۆ، بە ئاراستەی خۆرهەڵاتدا، بستێک ناجوڵێت، بەڵام ئەوەی ئەو سەرکردانە لەدواییدا کردیان، گەمارۆدانی ڕوسیا بوو، بە چواردە ئەندامی نوێی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسیی، لە دەریای باڵتیکەوە تا دەریای ڕەش.

ئەو دەوڵەتانە کامانەن، کە ناتۆیان لێ پێکهاتووە؟
ناتۆ لە ساڵی 1949 (سەردەمی جەنگی سارد) دامەزرا، لە بنەڕەتدا دوانزە وڵاتی لەخۆدەگرت، (ویلایەتە یەکگرتووەکان، کەنەدا، شانشینی یەکگرتوو، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، دانیمارک، نەرویج، لوکسەمبۆرگ، ئایسلاند، بەلجیکا، هۆڵاند و پورتوگال).

دواتریش هەریەك لە (یۆنان، توركیا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، مەجەر، پۆڵەندا و كۆماری چیك) چوونە ناوی و بوونە ئەندام. بەرفراوانبوون و پەلهاویشتنی دیكەی ناتۆ لە ساڵی 2004دا بوو كاتێك هاوپەیمانێتییەکە (بولگاریا، سلۆڤاکیا، سلۆڤینیا، ئیستۆنیا، لاتیڤیا، لیتوانیا و ڕۆمانیا) ی گرتەخۆی، پاشانیش (كرواتیا، ئەلبانیا و جەبەل ئەسوەد)یش چوونە ناویەوە.

دەربارەی فراوانبوونی قەڵەمڕەویی ناتۆ، ئاتیلیۆ بۆرۆن دەڵێت، “ئەم هاوپەیمانێتییە، ڕوسیای لە تەواوی سنوورەکانی ڕۆژئاوایدا ئابڵوقە دا، تەنها بیلاڕوسیا و ئۆکرانیا نەبێت”.

دەشڵێت، “پێویست نییە شارەزای کاروباری سەربازیی بیت، تا ڕادەی مەترسیی و ترسناکیی ئەم دۆخە و هەڕەشەکردنەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ڕوسیی پێوانە بکەیت”.

نمونەی ئەوەش دەهێنێتەوە، “ئەو موشەکانەی كڵاوەی ئەتۆمییان هەڵگرتووە یاخود هەیە و لە پۆڵەندا و ڕۆمانیا جێگیرکراون، دەتوانن لە ماوەی پانزە خولەکدا بگەنە مۆسکۆ. ئەگەر ناتۆ ئۆکرانیایش بۆ خۆی بەرێت، ئەوکات لەسەر خاکی ئۆکرانیاوە، ئەو موشەکانە بە پێنج خولەک دەگەنە مۆسکۆ. ئەمەش سەبارەت بە ڕوسیا وادەکات کە هەر بەرگریی لەخۆکردنێک، ئەستەم بێت”.

ئۆكرانیا

لەسەر بەڵگەنامەكە ناتۆ چی دەڵێت؟
باوەڕناكرێت هاوپەیمانییەكە لە بەڵێنەكەی لایدابێت یان پێچەوانەی بەڵێنەكان دەربارەی فراوان نەبوون كاری كردبێت، ئەمینداری گشتیی ناتۆ وادەڵێت.

ینس ستۆلتنبێرگ، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا دەربارەی بەڵگەنامەكە وتی، “هیچ بڕیارێك لە هیچ شوێنێك نییە بەوەی وڵاتانی ناتۆ ڕەزامەندی دابێت لەسەر وازهێنان لەوەی لە پەیماننامەی دامەزراندنی ناتۆ نوسراوە، كە پەیماننامەی واشنتن-ە”.

بەپێی ستۆلتنبێرگ، لە پەیماننامەكەدا هاتووە، دەكرێت وڵاتانی ئەوروپا بچنە پاڵ ناتۆ، ئەمەش لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكانی دیكەدا هاتووە كە “ئاسایش لە ئەوروپا دیاریدەكەن”، لەوانەش بەڵگەنامەی كۆتایی هلسنكی و پەیماننامەی پاریس لە ساڵی 1990.

بابەتی پێشتر

كاره‌باى چاڤى لاند به‌ته‌واوى بڕدرا

بابەتی دواتر

خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ بەکاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبووەوە و یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە 81 دۆلار و 42 سەنت…
زیاتر ببینە

سەرۆکی وڵاتێکی ئەفریقی کوژرا

سوپای وڵاتی چاد لە کیشوەری ئەفریقا ڕایگەیاند، لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی چەکداریدا لەگەڵ گروپێکی چەکدار، (ئیدریس دێبی)ی سەرۆکی وڵاتەكە کوژراوە.…
Total
0
Share