واشنتن چەندبارەی دەكاتەوە.. هێرشی سەر ئۆكرانیا نزیكە

ڕوسیا دەشێت “لەهەر كاتێكدا بێت” هێرش بۆسەر ئۆكرانیا بكات

هێزە كۆكراوەكانی ڕوسیا لە نزیك سنوورەكانی ئۆكرانیا پێشڕەوی و “ئامادەكاری بۆ هێرش” دەكەن وەك ئەوەی واشنتن دەیڵێت، سەرۆكی ڕوسیاش بەشداری لە ڕاهێنانی هێزەكانی مووشەكی ئەتۆمیی ستراتیژیی وڵاتەكەی كرد.

لەكاتێكدا مەترسیی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەربارەی هەڵایسانی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لە ئارادایە، كۆشكی سپی ڕایگەیاند، تیمی ئاسایشی نەتەوەیی ئاگاداری جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكایان كردووە كە تائێستا باوەڕیانوایە ڕوسیا دەشێت “لەهەر كاتێكدا بێت” هێرش بۆسەر ئۆكرانیا بكات.

هاوكات وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی كۆمەڵەی حەوت ڕایانگەیاند، هیچ بەڵگەیەك نابینن لەبارەی كەمكردنەوەی چالاكییە سەربازییەكانی ڕوسیا لە نزیك سنوورەكانی ئۆكرانیا.

هەروەك “نیگەرانی قوڵی خۆیان” دەربارەی بەردەوامیی دۆخەكە نیشاندا.

پاش تۆمەتباركردنی یەكتری لەنێوان كیێڤ و مۆسكۆ دەربارەی بۆردومانكردنە نوێیەكانی نزیك لە سنوور، هەریەك لە فەرەنسا و ئەڵمانیا داوایان لە هاوڵاتیانیان لە ئۆكرانیا كرد ئەو وڵاتە جێبهێڵن.

مانۆڕی ڕوسیا بە چەكی ئەتۆمیی ستراتیژی

لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریكاش ڕایگەیاند، هێزەكانی ڕوسیا “زیاتر نزیكدەبنەوە” لە سنوورەكانی ئۆكرانیا.

ئۆستن لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا لە لیتوانیا وتیشی، “هیواخوازین پوتین لە لێواری جەنگ بكشێتەوە” و ئاماژەی بەوەشكرد كە دەكرێت خۆمان لە جەنگی ئۆكرانیا لابدەین.

لە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا، كە هەردوو كۆماری دۆنیتسك و لۆگانسك لەخۆدەگرێت و یەكلایەنە ڕاگەیەندراون، “سەفەربەڕی” ڕاگەیەنرا و ئەندامانی یەدەگی سوپا بانگێشتكران بۆ پەیوەندیكردن بە سوپاوە.

دوو كۆمارەكەی خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا مەیلیان بەلای ڕوسیاوەیە، هۆكاری هۆشدارییە سەربازییەكە دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی ئۆكرانیا هەڵمەتە سەربازییەكانی هەڵكشاندووە بەرامبەر بە ناوچەكە و “بە هاوەن و بۆمبی دەستی ناوچەكە بۆردوومان دەكات”، تەنانەت هێزە ئۆكرانییەكان بە “دوژمن” وەسفدەكەن و دەڵێن، “پۆلیسی میللی بە تەقە وەڵامی دوژمنی داوەتەوە”.

پێشتر ڕوسیا سەرەڕای دووپاتكردنەوەی نەبوونی هیچ نیەتێك بۆ هێرشكردنە سەر ئۆكرانیا، بەڵام نەیشاردووەتەوە كە ئامادەیە بەرگری لە ناوچەی دۆنباسی خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا بكات، كە هەردوو كۆماری دۆنیتسك و لۆگانسك لەخۆدەگرێت.

بابەتی پێشتر

سالێرنیتانا 2-2 میلان

بابەتی دواتر

پلاندانانی عێراق: نزیکەی 25%ی خەڵکی عێراق هەژارن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share