قوربانییانی ئەو لافاوەی دوابەدوای بارانی بەهێز شاری پیترۆپۆلیس-ی گەشتیاریی نزیك لە ڕیۆ دی جانیرۆ-ی بەرازیلی گرتەوە گەیشتە 136 كەس، هەوڵەكانیش بۆ ڕزگاركردن و گەڕان بەدوای ڕزگاربووان درێژەی هەیە.
بەپێی میدیاكان، هەڵمەتەكانی گەڕان لە پیترۆپۆلیس بۆ چوارەم ڕۆژە درێژەی هەیە، بەرپرسانی تیمەكانی بەهاناوەچوون پێیانوایە ڕزگاركردنی كەسانێك لەژێر دار و پەردووە ڕامالراوەكان ئەگەری هەیە، لەكاتێكدا ژمارەی قوربانییان بۆ 136 كەس بەرزبووەتەوە.
بەپێی پەیمانگای پزیشكیی دادوەریی بەرازیل، لەنێو قوربانییاندا 22 منداڵ و تازەلاو هەیە، هەروەك 213 كەسی دیكەش لە ڕیزی بێسەروشوێنبوواندان.
ناوچەكە لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا نزیكەی 260 ملیمەتر بارانی بەخۆیەوە بینی، واتە زیاتر لەوەی پێشبینی دەكرا لە تەواوی مانگی شوباتدا ببارێت.
هەروەها نزیكەی 300 كەس بۆ ناوەندەكانی پاراستن كە زۆرینەیان لە قوتابخانەكاندا كراونەتەوە گوازرانەوە.