وێنەی مانگە دەستكردەكان “فێڵێكی ڕوسیا” لەسەر سنووری ئۆكرانیا ئاشكرادەكات

ئەمینداری گشتیی ناتۆ ڕایدەگەیەنێت، وێنەی مانگە دەستكردەكان دووپاتیدەكاتەوە ڕوسیا هێزەكانی لەسەر سنووری ئۆكرانیا نەكشاندووەتەوە.

ینس ستۆلتنبێرگ، ئەمینداری گشتیی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە پەراوێزی كۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی ناتۆ لە برۆكسل كە بڕیارە دوو ڕۆژ بخایەنێت وتی، “ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی هەمانە، بەكردەیی لە سەرچاوە كراوەكانەوە دووپاتكرایەوە، لەڕێی ئەو وێنانەی مانگە دەستكردە بازرگانییەكان گرتوویانە”.

لای خۆیەوە ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، ویلایەتە یەكگرتووەكان هیچ ئاماژەیەكی لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ڕوسیا لە مۆڵگەكانی نزیك سنووری ئۆكرانیا پێنەگەیشتووە، بەڵكو مۆسكۆ یەكەی گرنگی جوڵاندووە تا نزیكتربن لە ناوچەكە.

بلینك لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا ئەوەشی وت، “جیاوازی هەیە لەوەی ڕوسیا دەیڵێت و لەوەی ئەنجامیدەدات. هیچ كشانەوەیەكی هێزەكانیمان نەبینیوە”.

سەرەتای ئەم هەفتەیە ئاستی مەترسییەكانی لەبارەی ئەگەری داگیركاری ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا گەیشتە ترۆپك، دوای ئەوەی ئەمریكا و زۆرێك لە وڵاتانی جیهان باڵیۆزخانەكانیان داخست و داوایان لە هاوڵاتییانیان كرد ئەو وڵاتە جێبهڵێن، بەر لەوەی دۆخەكە ڕوو لە هێوربوونەوە بكات لەپاش كشانەوەی بەشێك لە هێزەكانی سوپای ڕوسیا لەنزیك سنوورەكانی ئۆكرانیا، وەك ئەوەی مۆسكۆ ڕایگەیاند.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) لیڤەرپوڵ لە ئینتەری بردەوە و سالزبۆرگ و بایرن یەکسانبوون

بابەتی دواتر

بۆچی سەماكارانی سەر سەهۆڵ هەست بە سەرگێژخواردن ناكەن؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share