سەروبەندی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا: بۆچی تیۆرەکانی موئامەرە بووژاونەتەوە؟

مژووڵبوونی مێشکی مرۆڤ بە پرسی کۆرۆناوە

لە ئێستادا جیهان لە بارودۆخێکی ناجێگیر و گوماناویدایە، لەلایەک باس لە سەرهەڵدانی سیستمێکی نوێی جیهانی دەکرێت، کە بەهۆی لێکەوتە ئابوورییەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە سەریان هەڵداوە، لەلایەکی دیکەوە دۆخی تەندروستیی پەتاکە و پێکووتەکەشی مقۆمقۆ و قسە باسی دروست کردووە. بەڵام لەم نێوەندەشدا هێشتا کەسانێک هەن باوەڕیان بە هیچ شتێکی نییە و دەڵێن موئامەرەیە. بەڵام بۆچی ئەم بیرکردنەوەیە لە ئارادایە؟

بۆشایی لە زانیارییەکان

قسەوقسەڵۆک و تیۆرەکانی موئامەرە هەردووکیان وەک دوو میکانیزمی چارەسەرکردنی کیشەکان و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵایەتی کاردەکەن. قسەوقسەڵۆک ئەوکاتە دەردەکەوێت کە سیستمێکی جیهانی ژێڕاوژوور بووەتەوە و نیشانە پێشووەکان ئاماژە بەوە دەکەن جێی باوەڕ نەماوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی شیکردنەوەی کۆیی بۆ پرسەکان.
ڕووداوی لەپڕ، کە کاریگەری کۆمەڵایەتی گەورەی بەدوادیت، دەخوازێت بە عەقڵانی بکرێت، ئەمەش وا دەکات تیۆرەکانی موئامەرە سەرهەڵبدەنەوە.

دەروونناسێک بەناوی لیۆن فیستینگەر تێبینی ئەوەی کردبوو کاتێک بوومەلەرزەیەک ڕوو دەدات، لەو کۆمەڵگانەی کە ڕاستەوخۆ بەرکەوتنیان لەگەڵ ڕووداوەکەدا نەبووە، وا بیردەکەنەوە کۆتایی جیهان نزیکبووەتەوە، بەو پێیەی خەڵک هەوڵدەدەن بەهانە بۆ نیگەرانی و خەمەکانیان بهێننەوە.

داڕووخانی ئابووری

لە سەروبەندی قەیرانە ئابوورییەکاندا، تیۆرەکانی موئامەرە دەبووژێنەوە. قەیرانی ئابووری، پرۆسەیەکی ئاڵۆز و پێشبینی نەکراوە، لۆجیکێکی لەپشتە کە تەنانەت شارەزاکانیش بەباشی تێیناگەن. کاتێک قەیرانێک ڕوودەدات، وەک قەیرانی ئابووریی ئێستا، بە شێوەیەکی پێشبینینەکراو کاریگەری دەخاتە سەر ژیانی ملیۆنان کەس. شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەکان لێکدژ دەبن، ژینگەی زانیارییەکان تەمومژ و بۆچوونی خەڵکیش دەگەڕێتەوە سەر سادەترین شیکردنەوەکان.

لەلایەکی دیکەشەوە لێدوانی بەرپرسەکان لەڕووی دەروونییەوە هاووڵاتییەکانیان قایل ناکەن، چونکە ئەوان کێشەی سیستەماتیک و پەتی دەستنیشان دەکەن، لە کاتێکدا خەڵکی دەیەوێت ئەو کەسانەی بەرپرسن دەستنیشان بکرێن و سزابدرێن.

بەهانەهێنانەوە بۆ تیرۆر

ساڵی 2011 گەنجێکی تەمەن 32 ساڵی نەرویجی بە پۆشاکی پۆلیسەوە، لە کەمپێکی گەنجان، کە لەلایەن گرووپێکی سەربە حزبێکی مارکسی بەڕێوەدەبرا، 69 کەسی بە چەقۆ سەربڕی.

دواتر بکوژەکە لە دانپێدانانێکی 500 لاپەڕەییدا، کە زۆرینەی کۆپی-پەیست بوو، بەهانەی ئەوەی دەهێنایەوە مارکسییەکان لەگەڵ موسڵمانەکان ڕێککەوتوون بۆ جێبەجێکردنی “پرۆژەی ئیورابیا”، کە ئامانج لێی بەئیسلامیکردنی ئەورووپایە.

بکوژەکە جەختی لەوەش کردبووەوە، ئامانج لەم کارەی ئەرکێکی پیرۆز بووە، بۆ بەرگریکردنی لە ئەورووپای کریستیانی سپیپێست.

ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشیش بەهانەیەکی هاوشێوەیان دەهێنایەوە، ئەوان دەیانووت ڕۆژاوا لەگەڵ ڕێکخراوە میانڕەوە سیاسییەکان و مەلاکانی وڵاتانی ئیسلامیدا ڕێککەوتوون بۆ بەڕۆژاواییکردنی جیهانی ئیسلامی.

چیرۆکەکانی دژبە زانست

کاریگەریی ڕاستەقینەی هەواڵی ناڕاست و گێڕانەوەکان، کە دەبنە هۆی دروستبوونی تیۆری موئامەرە، لەو چیرۆکانەدا خۆی دەبینێتەوە کاریگەریی کۆمەڵایەتییان هەیە. تیۆرەکانی موئامەرە ئەو چیرۆکە خەیاڵییانەن کە گوزارست لە بێمتمانەیی تەواو لە حکوومەتەکان و دەسەڵاتەکان دەکات.

هەر کەس و دەزگایەک پەیوەندییان بە سیستمەوە هەبێت دەبێتە جێی گومان؛ سیاسییەکان، میدیاکان، شارەزاکان، زانایان، دەزگاکانی تەندروستی، کۆمپانیاکانی دەرمان و پزیشکان.

لە ماوەی ڕابردوودا تیۆرەکانی موئامەرەی دژبە زانست، لە گەشەکردندا بوون. ئەو تیۆرانەشی لەبارەی تەندروستیی گشتییەوەن، زۆر مەترسیدارن. چونکە هەڕەشە لەوانە دەکەن کە متمانە بە زانست دەکەن، هەروەها هەڕەشەشن بۆسەر خێزانەکانیان و تەنانەت ژینگەی کۆمەڵگەش.

ئەنجامەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، وەڵامدانەوەی بێزارکەریان هەبووە، کاتێک پرسەکە گەیشتووە بە متمانەکردن بە زانست و زانایان. لە کاتێکدا زانایان بە تاکە سەرچاوەی پشتپێبەستراوی زانیارییەکانی سەبارەت بە کۆڤید-19 دادەنرێن، بەڵام لەبەرانبەردا هەندێک تیۆری موئامەرە و زانیاریی هەڵەش دەبینین. هەندێک جاریش زۆر بێزارکەرن. هۆکارەکەشی ئەوە بووە خەڵک لە نا دڵنیاییەکی گەورە و ترس و بیمێکی ناجۆردایە، کە هێندە فشاری خستووەتەسەر ناتوانێت چیتر بەرگەبگرێت؛ ناچار بە تیۆریكی موئامەرەی دژبە زانستەوە خۆی ئاسوودە دەکات، تاوەکو باوەڕ بە سەرچاوەکانیش نەکات.

بابەتی پێشتر

بۆچی کاتێک خۆشەویستی دەکەین ئازار دەچێژین؟

بابەتی دواتر

مێرسیدس بێنز 669 هەزار ئۆتۆمبێلی لە بازاڕەکانی چین دەکێشێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share