حکومەتی ئیرلەندا دەیەوێت پەنابەران بگەڕێنێتەوە بەریتانیا

سیمۆن هاریس، سەرۆک وەزیرانی ئیرلەندا داوای لە وەزیری دادی وڵاتەکەی کرد پڕۆژەیاسایەک بخاتە نێو بەرنامەی دانیشتنەکانی حکومەت بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەو پەنابەرانەی لە ترسی رەوانەکردنیان بۆ رواندا دێنە وڵاتەکەیان بگەڕێندرێنەوە بۆ بەریتانیا.

لەو بارەیەوە هێلین ماکەنتی، وەزیری دادی ئیرلەندا لە چاوپێکەوتنێکیدا ئەوەی ئاشکرا کردووە، ”80%ی ئەو پەنابەرانەی کە بەم دواییە هاتوونەتە وڵاتەکەمان لە بەریتانیاوە هاتوون و کاری من دڵنیابوونە لەوەی کە پێکهاتە و سیستمێکی کاریگەری کۆچبەریمان هەبێت”.

دەشڵێت، ”لەم هەفتەیەدا پڕۆژەیاسایەک پێشکەش دەکەم بۆ ئەوەی دڵنیابم لەوەی کە دەتوانین بە شێوەیەکی باش خەڵک بگەڕێنینەوە بۆ بەریتانیا و لەگەڵ وەزیری ناوخۆ لەو بارەیەوە کۆدەبینەوە”.

لە لێدوانێکیدا سەبارەت بەو پڕۆژەیە میکال مارتن، جێگری سەرۆک وەزیرانی ئیرلەندا ئەوەی خستەڕوو، ”سیاسەتی بەریتانیا لە رواندا لە ئێستاوە کاریگەری لەسەر وڵاتەکەمان هەیە و پەنابەران لە ترسی مانەوەیان لە بەریتانیا دێنە وڵاتەکەمان بۆئەوەی نەنێردرێن بۆ رواندا، هاوکات وەزیری دەرەوە دژایەتیی وڵاتەکەمانی بۆ ئەو سیاسەتە بە حکومەتی لەندەن راگەیاندووە”.

بابەتی پێشتر

فەرمانگەیەکی حکومی مامەڵەکردنی بە پارەی کاش راگرت

بابەتی دواتر

کەشناسیی هەرێم: لە سبەینێوە بارانبارین دەستپێدەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share