تائێستا ئاڵۆزییەکانی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا لە سنوورەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەردەوامییان هەیە، ڕوسیا بەردەوامە لە زیادکردنی توانا سەربازییەکانی لەو سنوورانە کە زیاترە لە 100 هەزار سەربازی ڕاهێنراو.
پێشتر ڤیلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا ڕەتیکردەوە هیچ نیەتێکیان بۆ داگیرکردنی وڵاتانی دراوسێ هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک داواکاریی داوەتە ڕۆژئاوا لەوانە، کۆتاییهێنان بە فراوانکردنی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بەتایبەت وڵاتانی یەکێتیی سۆڤێتی جاران، هەروەها کەمکردنەوەی چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە نزیک ڕوسیا.
لەبەرامبەردا ناتۆ ڕایگەیاند کەشتی و فڕۆکەی شەڕکەری زیاتریان ناردووە بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، هەریەکە لە بەریتانیا و ئەمریکاش خێزانی دیپلۆماتەکانیان لە ئۆکرانیا کشاندەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕوسیا 30 هەزار سەربازی ڕەوانەی بیلاڕوسیای دراوسێی کرد بەمەبەستی ڕاهێنانی سەربازی، هەروەها کیێڤ بە ڕاهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە و مووشەکەکانی وەڵامیدایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا هەزاران سەربازی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە.
شارەزای بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان جەیمس گۆڵدگیر بە ڕۆژنامەی “ئیندیپێندنت”ی ڕاگەیاندووە، “پرسی دوورخستنەوەی ئۆکرانیا لە ئەندامبوونی لە هاوپەیمانیی ناتۆ بۆ پوتن پرسێکی درێژخایەنە، هەمیشە ئەو ویستەی هەبووە و هەوڵی بۆ داوە، تەنانەت پرسەکە بەرلە سەردەمی پوتن هەبووە بەتایبەت لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا لەکاتێکدا سلڤە بۆریس یلتسین سەرۆکی ڕوسیا بوو”.
ئاماژە بەوەدەکات لەوکاتەدا، بیل کلینتن سەرۆکی بەریتانیا بوو، بۆچوون و تێڕوانینەکانی خۆی لە ئەوروپادا زاڵکرد بەتایبەت لە پرسی کۆسۆفۆ-دا لە ساڵی 1999، بەڵام ڕوسیا جگە لەوەی سەیری دۆخەکە بکات و چاودێریی بکات هیچی دیکەی لەدەستنەدەهات.
لەوبارەیەوە یەلتسین نامەیەکی ئاراستەی پوتن کرد لە ئەیلولی 1993، لەنامەکەیدا ترسە هاوشێوەکانی پوتنی پێڕاگەیاند و وتی، “ئێمە لەوە تێدەگەین کە هەر ئەندامبوونێکی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لە ناتۆ مانای گۆڕینی هاوپەیمانییەکە بەجۆرێک لە دژی ڕوسیا نییە، بەڵام دەبێت ئەو ڕا زۆرینەیەی دەنگ بە هەنگاوێکی وا دەدەن لەگەڵ دۆخەکەدا بگونجێنرێت”.
بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو ترسانە وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ و ڕوسیا “یاسای دامەزراندنیان” واژووکرد کە تێیدا هاتووە، “ڕوسیا و ناتۆ نابن بە دژی یەکتر”.
لە ساڵی 2002شدا ئەنجومەنی ناتۆ و ڕوسیا-یان پێکهێنا.
بەڵام پوتن بێزارە لە هەنگاوەکانی ناتۆ بەناوی “فراوانبوونی ناتۆ لە ڕۆژهەڵات”، ناتۆ لە 1999 چیک، هەنگاریا و پۆڵەندای وەک ئەندام وەرگرت، هەروەها بولگاريا و ئەستۆنيا و لاتیڤيا و ليتوانيا و ڕۆمانيا و سلۆڤاكيا و سلۆڤينيا لە 2004.
پوتن ئەندامبوونی ئەو وڵاتانە لە ناتۆ بە “شکاندنی بەڵێن” لەلایەن ئەمریکاوە ناودەبات، ئەوکاتەی لەمانگی شوباتی 1990 جەیمس پیکەر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی مۆسکۆی کرد و لەگەڵ میخایل گۆرباچۆڤ گفتۆگۆیان لەوبارەیەوە کرد، پیکەر بەڵێنیدا کە ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بەرفراوان نابێت.
لەدوای بەرفراوان بوونی ناتۆ لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات، پوتن ڕێکخستنەوەی هەوڵەکانی زیاترکرد و دژایەتییەکانی بۆ ئەوروپا پەرەی سەندووە، بەڕوونیش دژایەتییەکی زۆری ئەندامبوونی جۆرجیا و ئۆکرانیا دەکات لەو هاوپەیمانییە.
لە کۆنگرەی ئاسایشی ساڵی 2007 پوتن بە ئاشکرا وتی، “ڕوونە فراوانبوونی ناتۆ لە ڕۆژهەڵات بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە بێزارکردنێکی مەترسیدارە و ئاستی متمانەکان دەهێنێتە خوارەوە”.
هەروەها ئاشکرایکرد، “هیچ سەرکردەیەکی ڕوسی دەستبەستراو ناوەستێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەنگاوەکانی ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ، ئەوە کارێکی دوژمنکارانەیە بەرامبەر ڕوسیا”، بەمانایەکی دیکە مەترسی بۆ سەر ڕوسیا دروستدەکات.
لە ساڵی 2008 روسیا هێرشی بۆسەر جۆرجیا ئەنجامدا و دوو ناوچەی لەو وڵاتە دابڕی، ئەم کارەی ڕوسیا ڕووبەڕووی سەرکۆنەکردنی نێودەوڵەتی بووەوە.
لە ساڵی 2014 ڕوسیا نیمچە دورگەی قرم-ی داگیرکرد، پاڵپشتیی گروپە چەکدارە یاخییەکانی دەکرد دژی ئۆکرانیا و بەهۆیەوە هەزاران کەس کوژران.
لەبەرامبەردا وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەندامی ناتۆ ڕایانگەیاند، دەرگاکان بۆ ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانییەکە کراوەن و هەرگیز داناخرێت بەڕوویاندا، ژمارەیەک لە وڵاتانیش پاڵپشتیی سەربازییان بۆ دووپاتکردووەتەوە و هەندێکی دیکەش هەڕەشەی سزا دژی ڕوسیا دەکەن لەئەگەری ئەنجامدانی هەر هێرشێک.