جۆزێف بۆریێل کۆمسیاری یەکێتیی ئەوروپا بۆ کاروباری ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە ڕایگەیاند، قەیرانی ئێستای ئۆکرانیا “خراپترین قەیرانە لە ئەوروپا” لەدوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤێتەوە.
لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆریێل ڕایگەیاند، “هیچ کەسێک 140 هەزار سەرباز بەبێ هۆکار کۆناکاتەوە”، وەک ئاماژەیەک بۆ كۆكردنەوەی سوپای ڕوسیا لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ ئۆکرانیا، بەڵام جەختیکردەوە، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوامن بۆئەوەی “بە جەنگ کۆتایی نەیەت”.
بەرپرسەكەی سیاسەتی دەرەوەی ئەوروپا پێشی وایە، ڤلادمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا دەیەوێت لەوبارەیەوە دانوستان بسەپێنێت بەسەر یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکادا.
لەبارەی نیگەرانییەکانی مۆسکۆ لە هاوکاریکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ناتۆوە، یان بوونی كیێڤ بە ئەندامی هاوپەیمانێتییەكە، بۆریێل وتی، “ئەو پێشنیازە تائێستا گفتوگۆی لەبارەوە نەکراوە، بەڵام گریمانەیەکە”.
سەبارەت بە پێشبینییەکانی بۆ ئەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەبارەی قەیرانی ئۆکرانیا، کۆمسیارەكەی ئەوروپا بۆ کاروباری ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە وتی، “پێویستە پێشبینی باشترین بکەین و ئامادەشبین بۆ خراپترین”.