بەپێی توێژینەوەیەك، عێراق “ئامانجی سەرەكی بووە لە دەستپێشخەریی پشتێن و ڕێگا”ی چینی لە ساڵی 2021دا و، پارەداركراوە بە نزیكەی 10.5 ملیار دۆلار، بۆ ژمارەیەك پڕۆژەی وەك وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا.
بەپێی توێژینەوەكە، كە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردووەتەوە، سڕبیا لە ڕیزبەندی دووەم، ئیندۆنیسیا لە ڕیزبەندی سێیەم دێن، لەدوای عێراق، لەكاتێكدا گرێبەستەكانی بونیادنان لە چێوەی دەستپێشخەرییەكەدان.
بەشێوەیەكی گشتی، وەبەرهێنانی چین لە ساڵی 2021 لە 144 دەوڵەتدا كە دەستپێشخەرییەكە گرتونیەتەوە، گەیشتووەتە 59.5 ملیار دۆلار، بەبێ گۆڕانكارییەكی گەورە لە 60.5 ملیار دۆلاری ساڵی 2020، ئەمەش بەپێی ئەو توێژینەوەیەی “ناوەندی پارەداركردنی سەوز و پەرەپێدان” لە زانكۆی فودان-ی شانگهای ئەنجامیداوە.
وەبەرهێنانی چین لە وڵاتانی عەرەبی و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی ڕابردوودا بەڕێژەی 360% زیادیكردووە، پڕۆژەكانی خانووبەرە بەڕێژەی 116% زیادیكردووە، بەراورد بە ساڵی 2020.
عێراق، كە ساڵی ڕابردوو ویلایەتە یەكگرتووەكان پرۆسە سەربازییەكانی تێدا ڕاگرت، بووەتە سێیەم گەورە هاوبەشی دەستپێشخەرییەكە بە پڕۆژەی وزە لە ساڵی 2013وە، پاش پاكستان و ڕوسیا.
چین هەماهەنگی لەگەڵ عێراق دەكات بۆ بونیادنانی (وێستگەی خەیرات) لە پارێزگای كەربەلا، كۆمپانیای سینۆبك-ی چینی گرێبەستی پەرەپێدانی كێڵگەی مەنسورییەی بۆ گازی سروشتی لە نزیك سنوورەكانی ئێران بردەوە، جگە لەوەی بەهەمان شێوە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتان دەكات لە بونیادنانی فڕۆكە، وێستگەی وزەی خۆر و پڕۆژەی دیكە.
پارەداركردنی پڕۆژەكانی وزەی نوێ و وەبەرهێنان تیایدا بەرزبووەتەوە بۆ 6.3 ملیار دۆلار، بەراورد بە 6.2 ملیار دۆلاری ساڵی 2020، چین بەشداریی لە پرۆژەكانی خەڵوز لە ساڵی 2021 نەكردووە، هاوشانی پەیمانەكەی شی جین بینگ، سەرۆكی چین بە بونیادنانی ئەو وێستگانەی بە خەڵوز كاردەكەن لە دەرەوە.
چین دەستپێشخەریی “پشتێن و ڕێگا”ی لە ساڵی 2013 ڕاگەیاند بەمەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەكان لەگەڵ وڵاتانی جیهان، بۆ ئەوەش بڕێكی زۆر پارەی لە پەرەپێدانی ژێرخانی بنەڕەتی لە دەیان وڵاتدا خەرجكردووە.