لە نوێترین هەوڵی زانستیدا، زانایان سەركەوتووبوون لە سەرلەنوێ گەشەپێدانی پەلەكانی بۆق، ئەمەش بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەك بۆ هاندانی “پەلەكانی مرۆڤ لەسەر گەشە”.
بەپێی توێژینەوەیەك كە گۆڤاری (ساینس ئەدڤانس)ی زانستی بڵاویكردووەتەوە، زانایان تێكەڵەیەك لە (دەرمان) و (پێكهاتەی زیندەیی) لەنێو تاقیگەدا بەكارهێناوە، كە بووەتە هۆی ”سەرلەنوێ گەشەكردنی قاچەكانی بۆق”.
زانایان پێیانوایە تا ساڵی 2050 نزیكەی 3.6 ملیۆن ئەمریكی بەدەست لەدەستدانی یەكێك لە پەلەكانیانەوە بناڵێنن، لەكاتێكدا تائێستا بواری پزیشكی دەستەوەستانە لەبەردەم نوێكردنەوەی پەلەكانی مرۆڤ، بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی تۆڕی (ئێن بی سی نیوز) بڵاویكردووەتەوە.
توێژینەوەكە ئاماژە بەوەدەكات كە ئاسانكاری كراوە بۆ سەرلەنوێ گەشەكردنی قاچەكانی بۆق لەڕێی تێكەڵەیەك لە، “پێنج دەرمان، هەروەها وزەی زیندەیی كە دەكرێت بەشی داپۆشینەكەی دروستكراوبێت لە سلیكۆن كە بە (بایۆ دۆم) ناودەبرێت”.
ئەم تێكەڵانە توانای ئەوەیان بە بۆق بەخشی “كۆلاجین بەرهەم بهێنێت، كە بەشداردەبێت لە گەشەپێدانی چالاكی و هاندانی ڕیشاڵە دەمارییەكان و گەشەكردنی ماسولكەكان و سنووردانان بۆ هەوكردن”.
مایكل لیڤین، یەكێك لەو زانایانەی توێژینەوەكەیان ئەنجامداوە ئاشكرایكرد، ئەو ئەنجامەی پێی گەیشتوون بەهۆی بەكارهێنانی ژمارەیەك دەرمانەوە بووە لە تاقیكردنەوەی یەكەمدا، پێشبینی بەدەستهێنانی ئەنجامی باشتریشی كرد لە تاقیكردنەوەكانی دواتردا.
وتیشی، “خانەكان دەزانن چۆن سەرجەم ئەندامەكانی جەستەت دروست بكەن، ئەوەیان یەكجار لەكاتی گەشەی سەرەتایی (كاتی دروستبوون) ئەنجامداوە، ئەوەی پێویستمانە ئاشكراكردنی ئەو هاندەرانەیە كە وا لە خانەكان دەكات ئەوە جێبەجێ بكات كە دەمانەوێت بیكات”.
بەپێی وتەی ئەو، ئەم تەكنەلۆژیایە تەنها پەیوەندیدار نییە بە پەلەكانەوە، بەڵكو ڕێگایەكە بۆ تێڕوانین لە سەرجەم جۆرەكانی ئەندامانی جەستە و توانای نوێكردنەوەیان.
لە تاقیكردنەوەكەدا بۆقی ئەفریقی بەكارهێنراوە، پاش لێكردنەوەی تەنها قاچەكانی دواوەی و دواتر چارەسەركردنی بە تێكەڵەی دەرمان و “بایۆ دۆم”، جارێكی دیكە قاچی گەشەی كردووە و دوای 18 مانگ جارێكی دیكە بەوپەڕی وزەی خۆیەوە كاری پێكرد.
توێژینەوەكە ئەوەشی ڕوونكردەوە كە پەلە نوێیەكان هەریەك لە (ئێسك، ماسولكە و دەمارە خانە)ی هەبووە، ئەمەش ڕێگەی بە بۆقەكان داوە بەشێوەیەكی سروشتی بەكاریبهێنێت بۆ وەستان یان مەلەكردن.