تەندروستیی جیهانی: مەترسی هەیە بۆ ئەمساڵ سوورێژە لە منداڵاندا ببێتە پەتا

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریدەدات لە بڵاوبوونەوەی زۆری سورێژە لەناو منداڵاندا بەجۆرێک نەخۆشییەکە تەنها لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی ڕێژەی 80% زیادیکردووە.

بەپێی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و ڕێکخراوی یونسێفی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوو مانگی یەکەمی ساڵی 2022دا ڕێژەی تووشبوون بە سورێژە 79% زیادیکردووە بەراورد بەهەمان ماوە لە ساڵی ڕابردوودا.

ڕێکخراوەکە مەترسی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بەشێوەی پەتا لەمساڵدا لەناو ملیۆنان منداڵ دەخاتەڕوو.

بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، 17 هەزار و 338 منداڵ تووشی سورێژە بوون تەنها لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ئەو ژمارەیەش زیاترە لە ئامارە تۆمارکراوەکانی پێشوو و هۆکارە بۆ مەترسیی بوونی بە پەتا لەناو منداڵاندا.

کاسرین ڕاسل بەرێوەبەری گشتیی یونسێف دەڵێت، “مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی سورێژە وەک پەتا تەنها ئەوە نییە کە نەخۆشییەکی منداڵانی کوشندەیە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ بوونی کێشەی گەورە لە سیستمی دابەشکردنی ڤاکسینەکان لەجیهاندا”.

هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی  تەندروستیی جیهانی تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسوس ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، پەتای کۆڤید-19 هۆکاری دروستبوونی کێشەبووە لە دابەشکردنی ڤاکسینەکانی دیکە لە جیهان و کێشە بۆ سیستمی تەندروستیی جیهانی، بۆیە دەبینین نەخۆشییە کوشندەکان گەڕاونەتەوە لەناویشیاندا سورێژە.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە ساڵی 2020دا  لانیکەم 23 ملیۆن منداڵ نەیانتوانیوە ڤاکسینە سەرەکییەکان وەربگرن دژی نەخۆشییە گواستراوە کوشندەکان، ئەوەش بەرزترین ژمارەیە لەساڵی 2009وە.

بابەتی پێشتر

گوگڵ کرۆم بەکارهێنەرانی لە هێرشی هاککەران ئاگاداردەکاتەوە

بابەتی دواتر

بەڵگەیەكی سزادانی سلێمانی ئاشكرادەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share