پیتەر کراوچ: بۆ یەکەمجار لە ژیانمدا دەمویست شەقێک لە مارسێلۆ بدەم

ئەستێرەی ناودار و دێرینی یانەی تۆتنهام هۆتسپێرز، پیتەر کراوچ لە چاوپێکەوتنێکدا باس لە یادگارییەکی تایبەت دەکات، مێژووەکەی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی نێوان یانەکەیی و یانەی ڕیاڵ مەدرید دەگەڕێتەوە لە ساڵی 2011.

وەرزی 2011/2012 لە یاری چوونی قۆناغی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، یانەی ڕیاڵ مەدرید لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ ڕوبەڕوی تۆتنهامی ئینگلیزی بووەوە، لە خولەکەکانی سەرەتا ئیمانوێل ئەدیبایۆر گۆڵێکی تۆمارکرد و لە کاتێکدا سپێرز هەوڵی هاوتاکردنەوەی ئەنجامەکەی دەدا، فیلێکس بریچی داوەر پیتەر کراوچی بە کارتی سوور (دوو زەرد) لە یاریگا کردە دەرەوە، دوابەدوای ئەم حاڵەتە یاساییەش یانەی شاهانە ئەنجامەکەی بۆ چوار گۆڵی بێوەڵام فراوانکرد.

لەم بارەیەوە پیتەر کراوچ لە چاوپێکەوتنێکدا بە دەیلی مەیڵی ڕاگەیاندووە، ” یەکەم کارتی زەرد هەڵەی خۆم بوو بەهۆی لێدانم لە سێرجیۆ ڕامۆس وەرمگرت، بەڵام کارتی دووەم نەخێر..”.

کراوچ دەڵێت، ” کارتی زەردی دووەم بەهۆی لێدانێکەوە بوو لە مارسێلۆ، بەڵام هەرگیز بەرینەکەوتم ئەو بازیدا بۆ ئاسمان و پاشان لەسەر زەوی خۆی تلاندەوە، داوەر منی بە کارتی سوور کردە دەرەوە، ڕاستەوخۆ لە دوای کردنەدەرەوەم بینیم مارسێلۆ لەخۆشیدا بازبازێن و سەما دەکات، زۆر توڕەبووم، دەمویست شەقێکی توندی تێهەڵبدەم، بەڵام هەڵەبووم کە لەکاتی خۆیدا ئەمکارەم نەکرد”.

هێرشبەرە باڵابەرزەکە بەردەوامدەبێت لە گێڕانەوەی سەرگوزەشتەی ئەو یارییە و دەڵێت، ” ژووری جلگۆڕینی یانەکان لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر دانیشتگای هاندەرانەوە، لەوێ دانیشتم و خاولییەکم گرت بە سەرمەوە و خەمباربووم، یەک لەدوای یەک گوێم لە هاندەران دەبوو بە دەنگی بەرز ئاهەنگی تۆمارکردنی گۆڵی دووەم، پاشان سێیەم، پاشان چوارەمیان گێڕا، لەگەڵ هەر هوتافکێشانێکدا من خەفەتم دەخوارد و خۆم بە تاوانبار دەزانی کە یانەکەمم بە دۆڕاندندا، لە کاتێکدا هیچ هەڵەیەکم نەکرد و مارسێلۆ دووچاری کارتی سووری کردم”.

کراوچی تەمەن 39 ساڵ لە ژیانی وەرزشییدا یاری بۆ یانەکانی تۆتنهام، کوینز پارک ڕەینجەرز، پۆرتسماوس، ئەستۆن ڤێلا، نۆرویچ سیتی، ساوزامپتن، لیڤەرپوڵ، ستۆک سیتی و بێرنڵی کردووە، لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2010 درێسی هەڵبژاردەی ئینگلتەرای لە یارییە نێودەوڵەتیەکاندا پۆشیوە.

بابەتی پێشتر

عه‌لی دائی ده‌گرێته‌وه‌؟ کریستیانۆ پوشکاشی گرته‌وه‌ و بووه‌ چواره‌م گۆڵکاری مێژوو

بابەتی دواتر

به‌رشلۆنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی بڕیاری تاکلایه‌نه‌ له‌ یاریزانانی ده‌کات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share