هەسەدە: هەوڵی هەڵاتنی داعشییەكان پیلانی دەرەكی و بەتایبەت توركیا بوو‏

شەڕەكە قورس بووە و” نزیكەی 10 هەزار شەڕڤان بەشدارییان تێداكردووە‏”

فەرماندەیەكی هەسەدە بوونی دەستی دەرەكی، بەتایبەت توركیا دووپاتدەكاتەوە لە ڕووداوەكانی حەسەكە، دەڵێت، نیازەكە هێنانەدەرەوەی سەرجەم چەكدارەكانی داعش بووە لە زیندانی غوێران، بەڵام پیلانەكە پووچەڵكرایەوە.

نەورۆز ئەحمەد، خانمێكی ئەندامی فەرماندەیی هێزەکانی سوریای دیموکراتە، شەوی ڕابردوو لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا دووبارە كۆنترۆڵكردنەوەی زیندانی غوێران و دۆخی ئەمنیی حەسەكەی دووپاتكردەوە.

فەرماندەكە وتی، بەپێی پیلانی شانە نووستووەكانی داعش، بەنیازبوون سەرجەم چەكدارە دەستگیركراوەكانی داعش لە غوێران بهێننە دەرەوە و هەڵبێن، بەڵام هێزەكانی هەسەدە بەپەلە دەستوەردانیان كردووە و چواردەوری زیندانەكەیان گەمارۆداوە، دواتر هەنگاو بەهەنگاو گەمارۆكە بەرتەسكتر كراوەتەوە، تا لە كۆتاییدا پیلانەكە پووچەڵكراوەتەوە و هەوڵەكە تێكشكێنراوە.

خانمە فەرماندەكەی هەسەدە نەیشاردەوە كە شەڕەكە قورس بووە و نزیكەی 10 هەزار شەڕڤان بەشدارییان تێداكردووە، بەڵام بەوپەڕی هۆشیارییەوە هەنگاویان ناوە، بەوپێیەی داعش خەڵكی مەدەنی وەك قەڵغان بەكارهێناوە، بەڵام كەمترین زیان كەوتووەتەوە.

بە گومانیشەوە لە كاتی هێرشەكەی ڕوانی، بەو پێیەی نزیك بوو لەگەڵ ساڵیادی دەستپێكردنی داگیركاریی توركیا بۆسەر عەفرین و ساڵیادی دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها یادی ڕزگاركردنی كۆبانێ، بۆیە نەورۆز وتی، “ئەوە بەڕێكەوت نییە، ئێمە دەزانین پیلانی ئەم هێرشە لە دەرەوەوە داڕێژرابوو، بەتایبەتیش دەوڵەتی تورک”.

فەرماندەكەی هەسەدە هێرشەكەی بە “پیلانێکی گەورە” وەسفكرد، بەوەی ویستراوە جگە لە حەسەكە، لە چەندین ناوچەی دیكەی ڕۆژئاوای كوردستان و باکوور و خۆرهەڵاتی سوریا ئاڵۆزی دروستبكەن، بەڵام بەریپێگیرا و ئۆپەراسیۆنەکانی کێوماڵکردنیش لە ناوچەکانی دیکە بەردەوامن، بۆ کۆتاییهێنان بە شانە نووستووەکانی داعش.

بابەتی پێشتر

پێكدادانی سێ بارهەڵگر شەش قوربانیی لێكەوتەوە

بابەتی دواتر

دەستوور کێ دەکاتە سەرۆک کۆمار؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: بڕێكی زۆر بەنزینی نۆرماڵ بە كوالێتی “زۆرباشتر” دابینكرا

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم بڵاویكردووەتەوە، دوای ھەوڵێكی زۆر بەنزینی جۆری نۆرماڵ بە كوالێتییەكی زۆر باشتر گەیشتە بەنزینخانەكان، “جەختیشدەكاتەوە…
Total
0
Share