“سەرکەوتنی یەکێتی لە کەرکوک کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش دەبێت”

ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەریخست یەکێتی لە کەرکوک و ناوچە كوردستانییەكان لە پلەی یەکەمدایە ئەوەش بە بڕوای بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی و هاوکات شارەزایەکی بواری هەڵبژاردن، کاریگەریی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بەجێدەهێڵێت.

یەکێتی لەو هەڵبژاردنەدا لە کەرکوک لەڕێی هاوپەیمانیی (كەركوك هێز و ئیرادەمانە) 157 هەزار و 649 دەنگی بە دەستهێنا و پێنج کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکەی مسۆگەرکرد، لە تەواوی ناوچە كوردستانییەكانیش 9 كورسی بەدەستهێنا، كە بە جیاوازییەكی زۆر لەپێش پارتی و لایەنە كوردستانییەكانی دیكەوەیە.

رزگار حاجی حەمە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، یەکێتی بە بەرنامە و پلان بەشداریی هەڵبژاردنی کرد، لە ناوچە دابڕاوەکان دەنگدەران متمانەی زیاتریان بە یەکێتی هەیە لەبەر ئەوەی داکۆکیکاری مافەکانیانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی لەدوای کۆنگرەی پێنجەم بە بەرنامەی نوێ و دووربین کارەکانی بە ئەنجام دەگەیەنێت و ئەو ئەنجامەی لە کەرکوک بەدەستیهێنا کاریگەریی باشی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش دەبێت.

هاوكات سەرباز سەید مەحمود، شارەزای بواری هەڵبژاردن بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق دەرخەری ئەو راستییەبوو کە دەنگەکانی یەکێتی 100% زیادیکردووە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 لە شاری کەرکوک یەکێتی 80 هەزار دەنگی هەبوو، لەم هەڵبژاردنەی ئەمساڵ 157 هەزار و 649 دەنگی بە دەستهێنا، هێزی یەکەمە و بەرپرسیارێتی گەورەی لەسەرشانە، ئەو سەرکەوتنە کاریگەریی لەسەر دەنگی یەکێتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش دەبێت.

رۆژی 25ی شوباتی 2024 وەکو وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام شارەزایانی بوارەکە بەدووریدەزانن بتوانرێت ئەو هەڵبژاردنە لەو وادەیەدا ئەنجام بدرێت.

سەرباز سەید مەحمود وتی، بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردن لەو وادەیەی بۆی دیاریکراوە ئەنجام نادرێت، چونکە ئەوە پێنجەمین جارە کە دادگای فیدڕاڵی کەیسی سکاڵاکەی سەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوادەخات، پێدەچێت ئەو هەڵبژاردنە لە مانگی نیسان یان ئایاری ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێت.

هاوکات رزگار حاجی حەمە، بەدووریدەزانێت ئەو هەڵبژاردنە لە وادەی دیاریکراودا ئەنجامبدرێت و وتی، سکاڵایەکمان هەیە لە دادگای فیدڕاڵی لەسەر چۆنیەتی هەڵبژاردنی پەرلەمان و دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بەسەر چەند بازنەیەکدا، لەگەڵ کورسی کۆتاکان، دادگاکە وادەی بڕیاردانی لەسەر دۆسیەکە بۆ 27ی کانونی دووەمی 2024 دواخستووە، ئەو کاتەش هەتا وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردن زۆر کەمە و بە دڵنیاییەوە کۆمسیۆن پێویستی بە شەش مانگ زیاترە بۆ ئەو هەڵبژاردنە بۆیە پێناچێت لەو وادەیەی دیاریکراوە ئەنجام بدرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان زیاتر لە دوو ساڵە ئامادەکاری کردووە و ئامادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە.

تاکو ئێستا پەرلەمانی کوردستان پێنج خولی هەڵبژاردنی ئەنجامداوە و کۆتاجار لە 30ی ئەیلولی 2018 ئەنجامدرا، لەو هەڵبژاردنەدا 29 لیست بەشدارییان کرد و لە ئەنجامدا 16  لیست توانیان کورسی پەرلەمان  بەدەستبهێنن.

بابەتی پێشتر

کۆبوونەوەی مامۆستایانی ناڕازی لەگەڵ سودانی ئەرێنی و مژدەبەخش بووە

بابەتی دواتر

وەزارەتی کارەبای عێراق پڕۆژەی پێوەری زیرەک جێبەجێدەکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کێشەی کارەبای پێنجوێن چارەسەرکرا

قائیمقامی قەزای پێنجوێن رایدەگەیەنێت، “وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم پێی راگەیاندین کێشەی کارەبای پێنجوێن چارەسەرکرا”. زانا رەحمان رەحیم، قائیمقامی…
Total
0
Share