گۆڕان: پەرتەوازەیی لە بەغداد کاریگەریی لەسەر پرۆسەی سیاسیی ھەرێم دەبێت

بزوتنەوەی گۆڕان داوادەكات “لەبری ململانێ بۆ بەدەستھێنانی پۆست و ھێنانەدی خواستی حیزبی، کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خاک و دەسەڵات و سامان و پێشمەرگە بۆ چوار ساڵی داھاتوو بکرێت” و دەڵێت، “سەنگەرلەیەکگرتن و پەرتەوازەیی لە بەغداد کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پرۆسەی سیاسی ھەرێم دەبێت”.

بزوتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت، جەخت لەسەر کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژێکی نیشتیمانیی کوردستانی لە بەغداد دەکەین، کە لەبری ململانێ بۆ بەدەستھێنانی پۆست و ھێنانەدی خواستی حیزبی، کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خاک و دەسەڵات و سامان و پێشمەرگە بۆ چوار ساڵی داھاتوو بکرێت.

‎دەشڵێت، “بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانی کورد لەناو ھاوکێشەی نوێی عێراق و، دۆخی سیاسی و ئیداری و ئابوری و ئاسایشی ئەم وڵاتە وادەخوازێت، بە یەکگوتاری کوردستانی لەسەر بنچینەی پاراستنی دەستکەوتە دەستوورییەکان بەیەکەوە کاربکەین، نەک سەنگەر لەیەک بگرین، چونکە سەنگەرلەیەکگرتن و پەرتەوازەیی لە بەغداد کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پرۆسەی سیاسیی ھەرێم دەبێت و دەرگای مەترسی گەورەتر بە ڕووی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیە دابڕێندراوەکاندا دەکاتەوە”.

‎”ئەولەویەتی ئەم قۆناغەی خەباتی سیاسیی نەتەوەکەمان لە بەغداد، پێکەوەکارکردنە بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی بە ئامانجی دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم و بەپیرەوەچوونی داخوازییەکانی هاوڵاتیان، بۆ ڕەخساندنی ھاوبەشییەکی سیاسیی ڕاستەقینەی کورد لە دەزگای بڕیاردانی سیاسیی عێراق” وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەی گۆڕاندا هاتووە.

‎دووپاتیشیدەكاتەوە، ئەزموونی عێراقی نوێ دەریخستووە پۆست و کورسی و وەزارەتەکان، ھۆکاری بەھێزکردنی پێگە و سەنگی کورد نەبوون، ململانێی کەسی و حیزبیش بە قازانجی جێبەجێکردنی مافە دەستورییەکان نەشکاونەتەوە.

گۆڕان دەشڵێت، بۆ بەغداد داوای ڕێککەوتن و کردنەوەی گرێکوێرەی کێشەکان لەناوخۆدا دەکات. بۆ ناوخۆی ھەرێمیش ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان و کێبڕکێی دیموکراتی بۆ خزمەتکردنی خەڵک و، پەیرەوکردنی بەرنامەیەکی نیشتمانی بۆ چاکسازی سیاسیی و کارگێری و دارایی، بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و باشکردنی بژێوییەکانی ژیانی ھاوڵاتیان لە پێشینەیی ئەرکە سیاسیەکان دەزانن.

ڕاگەیەندراوەكەی گۆڕان لەكاتێكدایە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتی بە تێكدانی یەكڕیزی كورد تۆمەتباردەكات و ڕۆژی یەكشەممە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ڕایگەیاند، “پارتی دیموكراتی كوردستان تاكڕەوانە و لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەكڕیزیی گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاویناوە و ڕێککەوتنیان لەگەڵ هەندیک لایەنی سیاسی واژوو کردووە و لە چێوەی ئەو ڕێککەوتنەیان كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پێشكەشكردووە”.

ئەنجومەنی سەركردایەتی لە زاری بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى-یشەوە ئەوەی خستەڕوو كە، “مادەم لایەنی دیکە، دوور لە پرینسیپی تەوافق کاندیدی خۆیان پێشکەش دەکەن، یەکێتیش مافی خۆیەتی كە پۆستی سەرۆك كۆمار بە ئیستیحقاقی كورد و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بزانێت، بۆیە داكۆكی لە مافی خۆی دەکات و سازشی لەسەر ناکات”.

بابەتی پێشتر

بۆچی لە 2016دا متمانە لە هۆشیار زێباری سەندرایەوە؟

بابەتی دواتر

سوننەكان هاوپەیمانییەكەی نێوانیان ڕاگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share